به‌هۆى ره‌خنه‌گرتن له‌ حكومه‌ت تۆڕى میدیاى عێراقى رۆژنامه‌نووسان ده‌رده‌كا

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 30/07/2018‌ :: 451‌ جار بینراوە

دواڕۆژ
روانگه‌ى ئازادى رۆژنامه‌وانى (JFO) ئه‌و سیاسه‌ت نایاساییانه‌ى تۆڕى میدیاى عێراقى ئیدانه‌كرد، كه‌ له‌ به‌رامبه‌ر رۆژنامه‌نووسانى ده‌زگاكاى خۆى پیاده‌ى ده‌كات، به‌رامبه‌ر ئه‌وانه‌ى ره‌خنه‌ له‌ كار و چالاكى حكومه‌ت ده‌گرن، یان ره‌خنه‌ له‌ كه‌سایه‌تى و رێبه‌ر و سه‌ركرده‌ حزبییه‌كان ده‌گرن، كه‌ له‌ گه‌نده‌ڵى تێوه‌گلاون، به‌تایبه‌ت بڕیارى ده‌ركردنى چه‌ند رۆژنامه‌نووسێكى دیار كه‌له‌ كه‌ناڵ و به‌شه‌كانى تۆڕى میدیاى عێراقى .


سه‌رۆكى تۆڕى میدیاى عێراقى، كه‌له‌ لایه‌ن سه‌رۆك وه‌زیرانەوە بۆ ئه‌و پۆسته‌ راسپێردراوه‌، هه‌فته‌ى رابردوو چه‌ند بڕیارێكى به‌ ده‌ركردن و ئاگاداركردنه‌وه‌ى ژماره‌یه‌ك رۆژنامه‌نووسى ناو تۆڕه‌كه‌ ده‌ركردووه‌ و، هه‌ندێكى تریشى پابه‌ندكردووه‌، به‌ ئیمزاكردنى به‌ڵێننامه‌ بۆ نه‌نوسین و ره‌خنه‌نه‌گرتن له‌ حكومه‌ت و كه‌سایه‌تى حكومى و سه‌ركرده‌ سیاسییه‌كان،  هه‌روه‌ها، كۆتاییهێنان به‌ گرێبه‌ستى كاركردنى رۆژنامه‌نووس ئه‌حمه‌د عه‌بد ئه‌لحسین، سكرتێرى نووسینى گۆڤارى تۆڕى عێراق، هه‌روه‌ها رۆژنامه‌نووس ئه‌حمه‌د عه‌بدولسادهی له‌ رۆژنامه‌ى سه‌باحى پابه‌ند كردووه‌، له‌ هه‌ژمارى تایبه‌تى خۆى و له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان كه‌ ده‌ست له‌ كاروبارى سیاسی وه‌رنه‌دات.

به‌پێى نووسراوێكى فه‌رمى كه‌ رۆژنامه‌نووس ئه‌حمه‌د عه‌بدوئه‌لحوسێن، بڵاویكردۆته‌وه‌، له‌سه‌ر كۆتاییهێنان به‌ كاره‌كه‌ى له‌ تۆڕى میدیاى عێراقى، تیایدا هاتووه‌، له‌ژێر رۆشنایى رێنماییه‌كانى حكومه‌ت، كه‌ باس له‌ سه‌رپێچیكردن ده‌كات، به‌هۆى به‌كارهێنانى شێوازى جنێو و تۆمه‌ت ده‌رهه‌ق به‌ گه‌وره‌ به‌رپرسانى حكومه‌ت و كاره‌كته‌ره‌ سیاسییه‌كانى وڵات، ناوبراو له‌ كاره‌كه‌ى دورخراوته‌وه‌.

سه‌باره‌ت به‌ ده‌ركردنه‌كه‌ى رۆژنامه‌نووس ئه‌حمه‌د عه‌بد به‌ روانگه‌ى ئازادى رۆژنامه‌وانى وتووه‌، ده‌ستوه‌ردانى حكومه‌ت له‌ كاروبارى ده‌ركردنه‌كه‌ى به‌ ئاشكرا دیاره‌، ئه‌وه‌ش پێچه‌وانه‌یه‌ له‌گه‌ڵ ده‌ستور و یاساى تۆڕى میدیاى عێراقییه‌.

ئه‌و رۆژنامه‌نووسه‌ روونیكردوه‌ته‌وه‌، سه‌رقاڵبوونم به‌ میدیاى فه‌رمییه‌وه‌، ماناى ئه‌وه‌ نییه، چاوپۆشى له‌ خراپ به‌كارهێنانى ده‌سه‌ڵات، یان گه‌نده‌ڵى كارگێڕى به‌ربڵاو له‌ داموده‌زگاكانى ده‌وڵه‌تى عێراقیدا، یان هه‌ر كارێكى ترى له‌گه‌ڵ پیشه‌ى رۆژنامه‌گه‌ریدا نه‌گونجێت، ده‌شگه‌ڕێمه‌وه‌ بۆ تۆڕى میدیاى عێراقى، چونكه‌ موڵكى ده‌وڵه‌ته‌، نه‌ك حزب یان حكومه‌ت.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە