دواڕۆژ ، محەمەد مستەفا
دوای نزیکەی 10 مانگ لە سوتان و داخستنی بارەگاکانیان لە دەڤەری ڕاپەڕین، جارێکیتر بارەگاکانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە دەڤەرەکە دەکرێنەوە و سەرکردایەتی ئەو حزبەش بەرپرسێکی نوێ بۆ لقی 11ی ڕاپەڕین دەستنیشان دەکات.
هیوا گەیلانی، بەرپرسی نوێی لقی 11 ی پارتی لە دەڤەری ڕاپەڕین بە دواڕۆژی ڕاگەیاند "بڕیارە لە ئایندەیەکی نزیکدا لقی 11 و سەرجەم ناوچە و بارەگاکانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ناوچەکانی بتوێن و پشدەر لە دەڤەری ڕاپەڕین بکرێنەوە کە لە مانگی 11 ی ساڵی ڕابردووەوە بەهۆی سوتاندنیان داخرابوون".
وتیشی "لەگەڵ بەرپرسانی ئیدارەی ڕاپەڕین تاوتوێی کردنەوەی بارەگاکای پارتیان کردووە و درێژە بە خەباتی سیاسی خۆیان دەدەن لە دەڤەری ڕاپەڕین و ئەمڕۆش یەکشەممە 29ی تەمموز پۆستی بەرپرسی لقی 11ی دەڤەری ڕاپەڕین ئاڵوگۆڕ کراوە" .
بەرپرسی نوێی لقی 11 ی پارتی لە دەڤەری ڕاپەڕین باسی لەوەشکرد، بە بڕیاری مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەو لە شوێنی نەجات حەسەن وەک بەرپرسی لقی 11 دەست بەکاربووە .