نزیكه‌ی 230 پڕۆژه‌ی هه‌ڵه‌بجه‌ ڕاگیراون و 238 ملیار دیناری به‌ڵێنده‌رانیش لای حكومه‌ته‌

هەواڵ / ئابوری :: 29/07/2018‌ :: 199‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عه‌لی حه‌مه‌ سه‌عید
جێگری پارێزگاری هه‌ڵه‌بجه‌ ئاشكرایكرد، له‌ سنوری پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ بڕی 134 ملیار دینار پڕۆژه‌مان ڕاگیراون و نزیكه‌ی 230 پڕۆژه‌ن كه‌ 90 پڕۆژه‌یان ستراتیژین و هاوكات 238 ملیار دیناری به‌ڵێنده‌رانیش لای حكومه‌ته‌ و خه‌رجنه‌كراوه‌.

كاوه‌ عه‌لی، جێگری پارێزگاری هه‌ڵه‌بجه‌ به‌دواڕۆژی ڕاگه‌یاند "له‌ سنوری پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ نزیكه‌ی 230 پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری جۆراوجۆر كاركردن تیایاندا ڕاگیراوه‌ كه‌ بڕی پاره‌ی ئه‌و پڕۆژانه‌ ده‌گاته‌ زیاتر له‌ 134 ملیار دینار و هه‌ندێكیان له‌ % 70 و هه‌ندێكیان زیاد له‌ %90 كاره‌كانیان ته‌واو بووه‌، به‌ڵام به‌هۆی پێنه‌دانی پاره‌ به‌ به‌ڵێنده‌ران، نه‌توانراوه‌ ته‌واو بكرێن".

وتیشى "له‌ كۆی ئه‌و 230 پڕۆژه‌یه‌ 90 پڕۆژه‌یان ستراتیژیین و ده‌بوو له‌ زوترین كاتدا ته‌واو بكرانایه‌، به‌ڵام به‌هۆی دابیننه‌كردنی بودجه‌وه‌ ته‌واو نه‌كراون، ته‌نانه‌ت هه‌ندێك له‌و پڕۆژانه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌و كاته‌ی كه‌ هێشتا هه‌ڵه‌بجه‌ قه‌زا بووه‌ و نه‌كرابوو به‌ پارێزگا، به‌ڵام هێشتا ته‌واو نه‌كراون".

جێگری پارێزگاری هه‌ڵه‌بجه‌ ئه‌وه‌شی وت "بڕی زیاتر له‌ 238 ملیار دینارى پاره‌ی به‌ڵێنده‌ران لای حكومه‌تی هه‌رێمه‌ و بۆیان خه‌رجنه‌كراوه‌، ئه‌مه‌ش وایكردووه‌ كه‌ ئه‌و پڕۆژانه‌ به‌ ته‌واونه‌كراوی بمێننه‌وه‌".



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure