دیدارێكی گه‌شتیاريی سه‌باره‌ت به‌ هاوینه‌هه‌وارى دوكان ئه‌نجامدرا

هەواڵ / ئابوری :: 29/07/2018‌ :: 8873‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، هۆگر كه‌مال
به‌ناونیشانى (دوكان له‌ دیدارێكى گه‌شتیاریدا)، ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 29ى ته‌مموزى 2018 به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى گشتى گه‌شتوگوزارى سلێمانى دیدارێكى گه‌شتیارى له‌ هۆتێل ئاشور سازكرد.

دیداره‌كه‌ كه‌ به‌ ئاماده‌بوونى قوباد تاڵه‌بانى، جێگرى سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێم، نه‌ورۆز مه‌ولود وه‌زیرى شاره‌وانى و گه‌شتوگوزار و فاروق مه‌لا مسته‌فا سه‌رمایه‌دارى نیشتمانى به‌ڕێوه‌چوو سه‌ره‌تا به‌ كردنه‌وه‌ى پێشانگه‌یه‌كى فۆتۆگرافى له‌سه‌ر شوێنه‌ گه‌شتیارییه‌كان ده‌ستیپێكرد، پاشان وتاری به‌خێرهاتنی میوانه‌كان له‌لایه‌ن شاهۆ عوسمان، قائیمقامی قه‌زای دوكان خوێنرایه‌وه‌، دواتر نه‌ورۆز مه‌ولود وه‌زیری شاره‌وانی گه‌شتوگوزار وتارێكی پێشكه‌شكرد و پاڵپشتی خۆی بۆ پڕۆژه‌كه‌ی فاروق مه‌لا مسته‌فا له‌ قه‌زای دوكان ده‌ربڕی بۆ پێشخستنی كه‌رتی گه‌شتیاریی.

پاشان قوباد تاڵه‌بانی، جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی‌ هه‌رێم وتارێكی پێشكه‌شكرد و ئاماژه‌ی به‌وه‌دا "گه‌شه‌پێدانی كه‌رتی گه‌شتوگوزار به‌ ته‌نها به‌ حكومه‌ت ناكرێت، به‌ڵكو به‌ كه‌رتی تایبه‌ت ده‌كرێت، ئه‌ركی سه‌رشانی ئێمه‌ له‌ حكومه‌ت ئه‌وه‌یه‌ هاوكاربین، نه‌ك رێگر و زیادكردنی ژماره‌ی گه‌شتیار و داهات له‌ كه‌رتی گه‌شتوگوزاردا گرنگه‌، به‌ڵام گرنگتر له‌وه‌ ره‌خساندنی هه‌لی كاره‌".

وتیشی "ئه‌ركی سه‌ر شانمانه‌ دۆخی ئابووری هه‌رێم باشتر بكه‌ین كه‌ به‌ هه‌موو پێوه‌رێك به‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ ساڵانی 2015 و 2016  به‌ره‌و باشتر ده‌چێت، ئه‌ركی سه‌ر شانمانه‌ به‌  گرنگیدان به‌ كه‌رته‌كانی پیشه‌سازی، كشتوكاڵ و گه‌شتوگوزار، زۆرترین هه‌لی كار له‌ كه‌رتی تایبه‌ت بڕه‌خسێندرێت بۆ ئه‌وانه‌ی ئه‌مڕۆ بێكارن و ده‌رچووی زانكۆكانمانن".

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو "ده‌ستخۆشی له‌ وه‌به‌رهێنه‌رێكی نموونه‌یی وه‌ك كاكه‌ فاروقی مه‌لا مسته‌فا ده‌كه‌م، كه‌ سه‌رباری قه‌یرانه‌كان، شانیان داوه‌ته‌ به‌ری، به‌رده‌وامن له‌ كاره‌كانیان، به‌رده‌وامن له‌ دامه‌زراندنی گه‌نجه‌كانی شاره‌كانمان، و كه‌مكردنه‌وه‌ی ئه‌و فشاره‌ی كه‌ له‌سه‌ر حكومه‌ت هه‌یه‌ بۆ دامه‌زراندن. به‌رده‌وامن له‌ كاره‌ نموونه‌ییه‌كانیان".

پڕۆژه‌ی شاری گه‌شتیاری دوكان كه‌ بڕیاره‌ له‌لایه‌ن فاروق گروپ-ه‌وه‌ بونیادبنرێت، پڕۆژه‌یه‌كی گه‌وره‌ی گه‌شتیارییه‌ و له‌سه‌ر رووبه‌ری 3 هه‌زار دۆنم زه‌وی له‌ نزیك ده‌ریاچه‌ی دوكان بونیاد ده‌نرێت و چه‌ندین چالاكی جۆراوجۆری گه‌شتیاری له‌خۆده‌گرێت و به‌ ته‌واوبوونی ده‌بێته‌ سه‌نته‌رێكی گه‌وره‌ی گه‌شتیاری.

له‌ پڕۆژه‌كه‌دا جگه‌ له‌ هۆتێل و ته‌له‌فریك و یارییه‌ ئاوى و جۆراوجۆره‌كان و شوێنه‌كانى به‌سه‌ربردنى كات بۆ گه‌شتیاران، هه‌ریه‌ك له‌ قوتابخانه‌، نه‌خۆشخانه‌، کارگه‌ و شوێنی تایبەت بە به‌ڕێوه‌بردنی ئیشوکاری هاوڵاتیان دیاریكراوه‌.

پاشان عه‌لی ره‌ئوف، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی گه‌شتوگوزاری سلێمانی، راپۆرتێكی به‌ وێنه‌ و ڤیدیۆ و زانیاری له‌ رێگه‌ی داتاشۆوه‌ نمایشكرد و كێشه‌كانی گه‌شتوگوزاری قه‌زای دوكانی خسته‌ڕوو، داواشیكرد پڕۆژه‌ گرنگه‌كه‌ی فاروقی مه‌لا مسته‌فا هاوكاری بكرێت و بخرێته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌، چونكه‌ سودێكی زۆری بۆ گه‌شتوگوزاری دوكان و هه‌رێمی كوردستان ده‌بێت.

دواتریش فاروق مه‌لا مسته‌فا سه‌رمایه‌دارى نیشتمانى له‌ وته‌یه‌كدا راگه‌یاند "ئێمه‌ زه‌وییه‌كانمان كڕیووه‌ به‌تایبه‌تى شوێنى هۆتێل ئاشور كه‌ له‌ زه‌ره‌رداین و ساڵانه‌ له‌ چه‌ند بۆنه‌یه‌كدا قه‌ره‌باڵغ ده‌بێت، به‌ڵام بۆ جێبه‌جێكردنى پڕۆژه‌كه‌ كڕیوومانه‌ و ئه‌ركى حكومه‌ته‌ كێشه‌ى زه‌ویى و زاره‌كان چاره‌سه‌ربكات بۆ ئه‌وه‌ى ئێمه‌ش ده‌ست به‌ پڕۆژه‌كه‌ بكه‌ین".

فاروق مه‌لا مسته‌فا سوپاسى پشتگیرى ئاماده‌بووانى بۆ پڕۆژه‌كه‌ى كرد، به‌ڵام وتى "پێم باشنیه‌ وه‌ك پێشنیاركرا به‌ سێ به‌ش پڕۆژه‌كه‌ ته‌واوبكه‌م، چونكه‌ ئه‌وه‌ له‌ گرنگى و قورسایى كه‌مده‌كاته‌وه‌، پێمباشه‌ حكومه‌ت كێشه‌كان چاره‌سه‌ربكات و به‌یه‌كجار ئه‌و پڕۆژه‌ گرنگه‌ ده‌ستپێبكه‌ین".

ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو" ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ زۆر گرنگه‌ بۆ بوژاندنه‌وه‌ى ئابوورى له‌ هه‌رێمى كوردستان و واده‌كات رێژه‌ى گه‌شتیار زۆر زیادبكات و چه‌ندین هه‌لى كار بۆ گه‌نجان و هاوڵاتیان ده‌ڕه‌خسێنێت".

شارى گه‌شتیارى دوكان له‌ پێنج زۆن پێكدێت و شارێكى گه‌شتیارى گشتگیره‌ و هه‌ریه‌ك له‌ناوچه‌ی‌ تۆپزاوا ‌و شاخی‌ سارا ‌و شاخی‌ قه‌ره‌سه‌رد ده‌گرێته‌وه‌ ‌و ده‌چێته‌وه‌ دیوی‌ بناری‌ كۆسره‌ت ‌و ده‌وروبه‌ری‌ ده‌ریاچه‌ی‌ دوكان، ته‌له‌فریكى پڕۆژه‌كه‌ شاخه‌كانى كلكه‌سماق و سارا پێكه‌وه‌ ده‌به‌ستێته‌وه‌.

پڕۆژه‌كه‌ كه‌ له‌لایه‌ن فاروق گروپ به‌هاوكارى كۆمپانیاى ئیعمارى ئیماراتى ئه‌نجامده‌درێت و به‌پێی‌ ئه‌و پلانه‌ی‌ پێشتر بۆى دانراوه‌ ناوچه‌ی‌ تۆپزاوا ده‌كرێت به‌ سه‌نته‌ری‌ شاره‌ گه‌شتیاریه‌كه‌ ‌و هۆتێل ‌و رێستۆرانت ‌و كافتریا ‌و سینه‌ما ‌و ئه‌كواپارك ‌و شاری‌ یاری‌ ‌و چه‌نده‌ها ئه‌پارتمانی‌ گه‌شتیاری‌ تیادا دروست ده‌كرێت ‌و ناوچه‌كانی‌ تری‌ ناو هه‌مان پڕۆژه‌ ده‌كرێت ڤێلای‌ بچوك ‌و گه‌وره‌ ‌و ئه‌پارتمانی‌ گه‌شتیاریی‌ ‌و شوێنی‌ هاوینه‌هه‌وار ‌و شوێنی‌ نیشته‌جێبوونی‌ كاتی‌ ‌و هه‌میشه‌یی‌.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure