ئه‌نجامدانى نه‌شته‌رگه‌رى له‌ نه‌خۆشخانه‌كانی كه‌ركوك راگیرا

هەواڵ / کوردستان :: 29/07/2018‌ :: 943‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیماد جه‌باری
ئه‌مڕۆ چه‌ند رێوشوێنێك له‌ نه‌خۆشخانه‌كانی كه‌ركوك له‌باره‌ی مانه‌وه‌ی نه‌خۆش و نه‌شته‌رگه‌رییه‌كان گیراوه‌ته‌به‌ر، به‌رپرسێكى ته‌ندروستى شاره‌كه‌ش هۆكاره‌كه‌ى ئاشكراده‌كات.


د. كه‌ریم وه‌لی، به‌ڕێوه‌به‌ری ته‌ندروستی كه‌ركوك ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 29ى ته‌مموزى 2018 به‌ دواڕۆژی وت "هۆكاری گرتنه‌به‌ری ئه‌و رێوشوێنانه‌ بۆ نه‌مانی كیسه‌ی خوێن ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، به‌ڵام وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی بۆ پڕكردنه‌وه‌ی پێداویستی كه‌ركوك له‌ كیسه‌ی خوێن، له‌ پارێزگاكانی ئه‌نبار و كه‌ربه‌لاوه‌ بڕێكی زۆری كیسه‌كه‌ دابینكراوه‌ و له‌ئێستادا وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی ده‌ستیكردووه‌ به‌گواستنه‌وه‌ی بۆ شاره‌كه‌".

به‌پێى رێوشوێنه‌كان سه‌رجه‌م نه‌شته‌رگه‌رییه‌كانی ئه‌مڕۆ راگیراون و جگه‌ له‌ فریاكه‌وتن سه‌رجه‌م نه‌خۆشه‌كانی دیكه‌یان ده‌ركردووه‌.

هاوكات حسێن سابر، لێپرسراوی راگه‌یاندنی ته‌ندروستی كه‌ركوك به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند "ماوه‌ی دوو ساڵه‌ وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی بودجه‌ی كارپێكراوی نه‌ناردووه‌ بۆ كه‌ركوك".

وتیشی "به‌ته‌نها ده‌رمانه‌ پێویسته‌كان بۆ كه‌ركوك ده‌نێردرێت، بۆیه‌ به‌ته‌نها نه‌شته‌رگه‌رییه‌كانی فریاكه‌وتن ئه‌نجام ده‌درێت".



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure