یه‌كێتی: سازش له‌سه‌ر پۆستی پارێزگاری كه‌ركوك ناكه‌ین

هەواڵ / کوردستان :: 29/07/2018‌ :: 1008‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیماد جه‌باری
دوای ئه‌وه‌ی به‌ره‌ی توركمانی داوای پۆستی پارێزگاری كه‌ركوكی كرد، به‌رپرسێكی یه‌كێتی جه‌ختده‌كاته‌وه‌ كه‌ پۆستی پارێزگار پشكی حزبه‌كه‌یه‌تی و ئاماده‌نین له‌گه‌ڵ هیچ كه‌س و لایه‌نێكیش سازشی له‌سه‌ر بكه‌ن.


ئه‌حمه‌د عه‌سكه‌ری، ئه‌ندامی ده‌سته‌ی لیستی برایه‌تی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك ئەمڕۆ یەکشەممە 29ى ته‌مموزى 2018 به‌ دواڕۆژ ی وت "پۆستی پارێزگاری كه‌ركوك پشكی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستانه‌، ئاماده‌شنین هه‌رگیز سازشی له‌سه‌ر بكه‌ین".

وتیشی "ده‌ستوری عیراقی پۆستی پارێزگاری به‌ لیستی برایه‌تی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا به‌خشیوه‌ كه‌ لیستی یه‌كه‌مه‌ و هه‌ر هه‌وڵێك بۆ لادان له‌و ماده‌ ده‌ستورییه‌، سه‌رپێچی یاساییه‌ و قبوڵ ناكرێت."

پێشتر حه‌سه‌ن تۆران، جێگری به‌ره‌ی توركمان له‌میانی كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا داوایكرد پۆستی پارێزگاری كه‌ركوك بدرێته‌ توركمان، جه‌ختشیكرده‌وه‌ كه‌ كوتله‌ی عه‌ره‌بی به‌و داوایه‌ رازیبوون،‌ به‌ڵام كورد ره‌تیكردوه‌ته‌وه‌.

عه‌سكه‌ری ره‌تیشیكرده‌وه‌ وه‌كو یه‌كێتی به‌هیچ شێوه‌یه‌ك سه‌پاندنی دیفاكتۆ قبوڵ بكه‌ن.

له‌ دواى رووداوه‌كانى 16ى ئۆكتۆبه‌ر كه‌ركوك له‌رووى ئیدارى و سه‌ربازییه‌وه‌ كه‌وتوه‌ته‌ ده‌ست حكومه‌تى ناوه‌ند و، له‌ئێستاشدا به‌هۆى رێكنه‌كه‌وتن و كۆنه‌بونه‌وه‌ى لایه‌نه‌ كوردییه‌كان نه‌توانراوه‌ پارێزگارى نوێ بۆ شاره‌كه‌ دیاریبكرێت و ئه‌و پۆسته‌ به‌ وه‌كاله‌ت له‌لایه‌ن راكان جبورییه‌وه‌ به‌ڕێوه‌ده‌برێت.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure