وه‌زاره‌تی ناوخۆ مۆڵه‌ت به‌ راگه‌یاندنه‌كانی حزبی شیوعی كوردستان نادات

هەواڵ / کوردستان :: 28/07/2018‌ :: 560‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار
وه‌زاره‌تی رۆشنبیری هه‌رێم به‌ بڕیارێك كه‌ناڵی ئازادی زمانحاڵی حزبی شیوعی راگرت و مه‌كته‌بی راگه‌یاندنی ئەو حزبەش رایده‌گه‌یه‌نێت "چه‌ندینجار داوامان له‌ وه‌زاره‌تی ناوخۆی هه‌رێم كردووه‌ مۆڵه‌ت به‌ ڕاگه‌یاندنه‌كانمان بدات، به‌ڵام بێئه‌نجام بوون‌".

رۆژی 25ی ته‌مموزی 2018، به‌بڕیارێكی وه‌زاره‌تی ناوخۆی هه‌رێم په‌خشی كه‌ناڵی ئازادی، كه‌ كه‌ناڵێكی ره‌سمی حزبی شیوعی كوردستانە،‌ راگیرا.

له‌باره‌ی راگرتنی كه‌ناڵه‌كه‌، مه‌كته‌بی راگه‌یاندنی حزبی شیوعی كوردستان له‌ راگه‌یەنراوێكدا ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه‌ "سێ رۆژه‌ بەبڕیاری وەزارەتی رۆشنبیری و بەجێبەجێكردنی كۆمپانیای تایبەت بەپەخشی كەرتی تایبەت، تەلەفزیۆنی ئازادی داخراوە، كە بیانووی داخستنی نەبوونی مۆڵەتی فەرمیی بووە".

راگەیەنراوەکەی حزبی شیوعی ئاماژەی بەوەشکردووە، بەرپرسانی وەزارەتی رۆشنبیری بەباشی ئاگادارن راگەیاندنی ناوەندی حزبی شیوعی كوردستان و تەلەفزیۆنی ئازادی‌و ئازادی سپۆرت و رادیۆی ئازادی، چەند جار و لەماوەی ساڵانی رابردوو داوای پێدانی مۆڵەتی فەرمی كردووە.

بەپێی راگەنراوەکە، هەر وەزارەتی رۆشنبیری بەنووسراوی فەرمی خۆی وەزارەتی ناوخۆی ئاگاداركردۆتەوە كە لارییان نییە لەكردنەوەی ئەم كەناڵانە، بەڵام "بێ ئەنجام بووە".

ئەوەش روونكراوه‌ته‌وه‌ كه‌ "تەلەفزیۆنی ئازادی لەساڵی 1994ـەرەوە پەخشی خۆی دەكات و لەساڵی 2009 داوای مۆڵەتی سەرجەم كەناڵەكانی كردووە، بەڵام لەئەنجامدا هەر ئەمڕۆ بەسبەی پێكراوە".

راگه‌یاندنی حزبی شیوعی باس له‌وه‌ده‌كات "رێنمایی رێكخستنی فریكیۆنسی بەروونی دەستنیشانی ئەوەی كردوە كە ئەگەر لەماوەی 60 رۆژدا وەڵام بەهەر داواكارییەك نەدرایەوە، ئەوا بە مۆڵەتپێدراو ئەژماردەكرێت، كەچی وەزارەتی رۆشنبری ئەم رێنماییەی خۆی جێبەجێ ناكات".

ئێوارەی رۆژی 25/7/2018 كاتژمێر 04:18 خولەك پەخشی كەناڵی ئازادی بەبڕیارێكی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حكومەتی هەرێمی كوردستان راگیرا.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure