ئه‌مڕۆ یه‌كێتى سەرۆکی لیستەکەی بۆ هەڵبژاردنەکانی هەرێم دیاریدەکات

هەواڵ / کوردستان :: 28/07/2018‌ :: 311‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، هۆگر كه‌مال
وته‌بێژى ئه‌نجومه‌نى ناوه‌ندى یه‌كێتى رایده‌گه‌یه‌نێت، پاشنیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 28ی تەمموزی 2018 ئه‌نجومه‌نه‌كه‌یان كۆبوونه‌وه‌ى نائاسایى ئه‌نجامده‌دات بۆ هه‌ڵسه‌نگاندن و په‌سه‌ندكردنى لیستى حزبه‌كه‌یان بۆ په‌رله‌مان و سەرۆکی لیستیش دیاریدەکات.


له‌تیف نێروه‌یى، وته‌بێژى ئه‌نجومه‌نى ناوه‌ندى یه‌كێتى نیشتمانى كوردستان، به‌ دواڕۆژى وت "بڕیاره‌ كاتژمێر 5:00ى پاشنیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ ئه‌نجومه‌ن كۆبوونه‌وه‌ى نائاسایى ئه‌نجامبدات".

وتیشى "كۆبوونه‌وه‌كه‌ بۆ هه‌ڵسه‌نگاندن و په‌سه‌ندكردنى لیستى یه‌كێتییه‌ بۆ هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان، چونكه‌ به‌پێى په‌یڕه‌وى ناوخۆ، ده‌بێت ئه‌نجومه‌نى ناوه‌ند په‌سه‌ندى بكات".

هاوكات سامان گه‌رمیانى، ئه‌ندامى سه‌ركردایه‌تى یه‌كێتى به‌ دواڕۆژى وت "100 كه‌سمان كاندیدكردووه‌ و هه‌ریه‌ك له‌ (قوباد تاڵه‌بانى، لاهور شێخ جه‌نگى، حاكم قادر)یش پاڵێوراون بۆ ئه‌وه‌ى یه‌كێكیان بكرێت به‌ سه‌رۆك لیست و ئه‌مڕۆش یه‌كلایى ده‌كرێته‌وه‌".

به‌پێى زانیارییه‌كانى دواڕۆژ یه‌كێتى (40 كاندید له‌ پارێزگاى سلێمانى، 35 كاندید له‌ پارێزگاى هه‌ولێر، 12 كاندید له‌ پارێزگاى دهۆك و 13 كاندیدیشی له‌ پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌) ده‌ستنیشانكردووه‌.

هه‌ر به‌پێى زانیارییه‌كان یه‌كێتى ده‌یه‌وێت له‌و 100 كه‌سه‌ سێ كاندید له‌ خه‌ڵكى ناوچه‌ دابڕێنراوه‌كان كاندیدبكات، بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌و كه‌سانه‌ له‌ په‌رله‌مانى كوردستانه‌وه‌ داكۆكى له‌ ناوچه‌ دابڕێنراوه‌كان و كه‌ركوك بكه‌ن.

بۆ ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ یه‌كێتى له‌ڕێگه‌ى مه‌ڵبه‌نده‌كانییه‌وه‌ كاندیده‌كانى ده‌ستنیشانكردووه‌، به‌ جۆرێك هه‌ر كاندیدێك پێویست بووه‌ له‌سه‌رى ئیمزاى 150 خێزان و كه‌سوكارى بۆ مه‌ڵبه‌نده‌كه‌ى ببات له‌گه‌ڵ سیڤییه‌كه‌ى تا قبوڵبكرێت.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure