پارتى و یه‌كێتى له‌باره‌ى سێ پرس كۆده‌بنه‌وه‌

هەواڵ / کوردستان :: 28/07/2018‌ :: 886‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، نوسینگه‌ى هه‌ولێر
وته‌بێژى مه‌كته‌بى سیاسى یه‌كێتى ئاشكرایده‌كات، له‌ دوو رۆژى داهاتوودا شاندى باڵاى پارتى و یه‌كێتى له‌باره‌ى پرسى دانوستان له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانى عێراق كۆده‌بنه‌وه‌ و بۆ ئه‌مه‌ش چاوه‌ڕێى سكرتێرى مه‌كته‌بى سیاسى پارتی ده‌كه‌ن.


به‌پێى زانیارییه‌كانى دواڕۆژ، له‌ له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌ تاوتوێى چه‌ندین پرس ده‌كرێت به‌ تایبه‌ت بارودۆخى عێراق و پێكهێنانى لیژنه‌ى هاوبه‌ش بۆ سه‌ردانى به‌غدا له‌پرسى پێكهێنانى كابینه‌ى نوێى حكومه‌تى عێراق له‌دوای هه‌ڵبژاردنه‌كانى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق.

هه‌ر به‌پێى زانیارییه‌كان تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكە تایبەت دەبێت بە تاوتوێكردنی ھەڵبژاردنەكانی ھەرێمی كوردستان، جگه‌له‌وه‌ش تاوتوێى ره‌وشى ئه‌منى هه‌رێمى كوردستان ده‌كه‌ن.

سه‌عدى ئه‌حمه‌د پیره‌، وته‌بێژى یه‌كێتى نیشتمانى كوردستان به‌ دواڕۆژى ڕاگه‌یاند، له‌ دوو رۆژى داهاتوودا جارێكى دیكه‌ شاندى هاوبه‌شى یەکێتی و پارتی کۆببنەوە، به‌مه‌به‌ستى داڕشتنى بەرنامەیان بۆ چوونە بەغدا و دەستپێکردنی گفتوگۆکان لەبارەی پێکھێنانی حکومەتی نوێ له‌ ئێستاشدا چاوه‌ڕێى سكرتێرى مه‌كته‌بى سیاسى پارتى ده‌كه‌ن به‌مه‌به‌ستى دیاریكردنى واده‌كه‌.

ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو، لە کۆبوونەوەکەیاندا بەرنامە هاوبه‌شه‌كه‌یان گفتوگۆی لەسەر ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ى بكرێته‌ پڕۆژه‌یه‌كى هاوبه‌ش، شاندى ھاوبەشیش پێکدەھێنن بۆ سەردانیکردنی بەغدا.

پیره‌ ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، لە کۆبوونەوەی داھاتووی نێوان پارتی و یەکێتی جارێکی دیکە داوای کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنە ناڕازییەکان دەکەنەوە، ویستى یه‌كێتیى و پارتى به‌و ئاڕاسته‌یه‌دایه‌ كه‌ لایه‌نه‌ ناڕازییه‌كانیش به‌شداربن له‌ پڕۆسه‌ى دانوستان.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure