هه‌ڵه‌بجه‌: به‌ ده‌یان تۆن خۆراكى ماوه‌ به‌سه‌رچوو ده‌ستى به‌سه‌ردا گیرا

هەواڵ / کوردستان :: 27/07/2018‌ :: 728‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عه‌لى حه‌مه‌ سه‌عید
له‌ ئه‌نجامى گه‌ڕان و پشكنینى لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانى قایمقامیه‌تى ناوه‌ندى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌، له‌ سه‌ره‌تاى ئه‌مساڵه‌وه‌ تا دوێنێ، توانراوه‌ ده‌ستبگرن به‌سه‌ر زیاتر له‌ 10 تۆن خۆراك و كاڵاى ماوه‌ به‌سه‌رچوو، هاوكات سه‌رجه‌مى ئه‌و خۆراك و كاڵایانه‌ش له‌ناوبراون گه‌ڕانیش بۆ له‌ناوبردنى خۆراكى ماوه‌ به‌سه‌رچوو به‌رده‌وامى هه‌یه‌.


ئارام عه‌بدوڵا، سه‌رۆكی لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانی قایمقامیه‌تی قه‌زای ناوه‌ندی پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌، به‌ دواڕۆژی ڕاگه‌یاند "له‌ سه‌ره‌تاى ئه‌مساڵه‌وه‌ تا دوینێ  پێنجشه‌ممه‌ 26ى ته‌موز، لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانمان له‌ئه‌نجامی گه‌ڕان و پشكنین و چاودێریكردنی بازاڕ و شوێنه‌ گشتییه‌كان، توانیومانه‌ ده‌ستبگرین به‌سه‌ر زیاتر له‌ 10 تۆن خۆراك و كاڵای ماوه‌به‌سه‌رچوو كه‌ هه‌ندێكیان به‌ شێوه‌ى قاچاغ و نایاسایى هاورده‌ى هه‌ڵه‌بجه‌ كراون".

وتیشى "سه‌رجه‌مى ئه‌و كاڵا و شمه‌ك و خۆراكانه‌ى كه‌ له‌مساڵدا ده‌ستمان به‌سه‌ردا گرتووه‌، به‌ چاودێرى لیژنه‌یه‌كى تایبه‌ت و له‌ شوێنێكى تایبه‌تدا سه‌رجه‌میان له‌ناوبران، بۆیه‌ هه‌موو لایه‌ك دڵنیاده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌  له‌ژێر چاودێری پارێزگار و قایمقامی هه‌ڵه‌بجه‌، ڕۆژانه‌ سه‌ردانی شوێنه‌ گشتییه‌كان و ناو بازاڕ و دوكان و ماركێته‌كان ده‌كه‌ین و هه‌فتانه‌ش سه‌ردانی  ناحیه‌كان ده‌كه‌ین به‌مه‌به‌ستی ده‌ستبه‌سه‌راگرتنی خۆراك و كه‌لوپه‌لی ماوه‌به‌سه‌رچوو".

سه‌رۆكی لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانی قایمقامیه‌تی قه‌زای ناوه‌ندی پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌، ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو، بۆ ئه‌وه‌ى بتوانین بازاڕ كۆنتڕۆڵ بكه‌ین له‌ خۆراك و كاڵاى ماوه‌ به‌سه‌رچوو داوا له‌ هاوڵاتیان و كڕیاریان ده‌كه‌ین له‌ هه‌ر دوكان و شوێنێكى گشتى خۆراك و شمه‌كى ماوه‌ به‌سه‌ر چوویان بینى لیژنه‌كانمان ئاگاداربكه‌نه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى ڕێوشوێنى یاسایى له‌به‌رامبه‌ریان بگرینه‌به‌ر.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure