گه‌رمیان: یه‌كێتى گۆڕانكارى له‌ دوو پۆستدا ده‌كات و ناوى 5 كاندید-یش بۆ په‌رله‌مان ئاشكراده‌كات

هەواڵ / کوردستان :: 27/07/2018‌ :: 2872‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، سیروان حه‌سه‌ن و هۆگر کەمال
له‌ گه‌رمیان و خانه‌قین یه‌كێتى نیشتمانى كوردستان به‌رپرسى مه‌ڵبه‌نده‌كانى هه‌ردوو ناوچه‌كه‌ى گۆڕى و ناوى پێنج كاندید-یشى له‌ سنورى گه‌رمیان بۆ په‌رله‌مان ئاشكرا كرد كه‌ به‌ شێوه‌ى هه‌ڵبژاردنى ناوخۆیى ده‌ستنیشانكراون. 


عاسی عه‌لى، كارگێرى مه‌ڵبه‌ندى گه‌رمیانى یه‌كێتى به‌ دواڕۆژ-ى راگه‌یاند "یه‌كێتى دوو كه‌سیى نوێى وه‌كو به‌رپرسى مه‌ڵبه‌نده‌كانى گه‌رمیان و خانه‌قین ده‌ستبه‌كاركردووه‌ و ئه‌مه‌ش دواى ئه‌وه‌دێت، شێركۆ میروه‌یس، به‌رپرسى پێشووى مه‌ڵبه‌ندى 8ى خانه‌قین بۆ ئه‌ندامى په‌رله‌مانى عێراق ده‌رچووه‌ و له‌ شوێنه‌كه‌ى "موحسین عه‌لى ئه‌كبه‌ر" ده‌ستبه‌كاربووه‌". 

وتیشى "له‌به‌ر ئه‌وه‌ى ئه‌نجوومه‌نى سه‌ركردایه‌تى یه‌كێتى بریاریداوه‌ ده‌بێت به‌رپرسى مه‌ڵبه‌نده‌كان ئه‌ندامى سه‌ركردایه‌تى بن، بۆیه‌ "سامان گه‌رمیانى" له‌ شوێنى محه‌ممه‌د عه‌بدوڵا، كراوه‌ته‌ به‌رپرسى مه‌ڵبه‌ندى گه‌رمیان، چونكه‌ محه‌ممه‌د عه‌بدوڵا ئه‌ندامى سه‌ركردایه‌تى نییه‌، ئێستاش وه‌كو جێگیرى یه‌كه‌مى سامان گه‌رمیانى دانراوه‌". 

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، به‌ شێوه‌ى هه‌ڵبژاردنى ناوخۆیى، پێنج كاندیدیان بۆ په‌رله‌مانى كوردستان له‌ سنورى كه‌لار و كفرى ده‌ستنیشان كردووه‌. له‌ كه‌لار له‌ كۆى شه‌ش كادر، سێ كه‌سیان ده‌رچوون، له‌ شارۆچكه‌ى كفرى و ناحیه‌ى رزگاریش له‌ كۆى شه‌ش كه‌س هه‌ر ناوچه‌یه‌ك و یه‌ك كه‌سى براوه‌ بووه‌ و وه‌كو كاندید دانراون. 

به‌ وته‌ى كارگێرى مه‌ڵبه‌ندى گه‌رمیانى یه‌كێتى نیشتیمانى كوردستان كاندیده‌كانى سنورى كه‌لار بریتین له‌، مه‌لا ناسر ئه‌حمه‌د، به‌ڕێوه‌به‌رى پۆلیسى هاتووچۆ.  د. عه‌دنان تۆفیق، به‌ڕێوه‌به‌رى نه‌خۆشخانه‌ى كه‌لار. پشتیوان حه‌مه‌ سه‌عید، فه‌رمانبه‌ر له‌ په‌روه‌رده‌ى كه‌لار. سامان تایه‌ر، مامۆستا و سه‌رۆكى تیپه‌ میللییه‌كانى كه‌لار بۆ تۆپى پێ كه‌ كاندیدى ناحیه‌ى رزگاریه‌. هه‌روه‌ها هونه‌ر فه‌خره‌دین، ده‌رچووى كۆلێژى شوێنه‌وار كاندیدى شارۆچكه‌ى كفریه‌ له‌ سه‌ر لیستى یه‌كێتى. 

 



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure