راكان سەعید جبووری بەربەست لەبەردەم كردنەوەی رێگای كەركوك – هەولێر دروستدەكات

هەواڵ / کوردستان :: 26/07/2018‌ :: 2219‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیماد جەباری
فەرماندەیەكی باڵای پێشمەرگە هۆكاری رێككنەكەوتنی هەردوو وەفدەكەی هەرێم و بەغدا سەبارەت بەكردنەوەی رێگای كەركوك – هەولێر ئاشكرادەكات و دەڵێت "ئەو كەسەی بەربەستی لەبەردەم هەوڵەكاندا دروستكردووە راكان سەعید پارێزگاری كاتی كەركوكە ".


رۆژی 24ی تەمووز وەفدێكی حكومەتی هەرێم و بەغدا لەسەربازگەی كەیوان لەكەركوك سەبارەت بەكردنەوەی رێگای كەركوك – هەولێر كۆبونەوە، بەهۆی نەگەیشتن بەهیچ رێككەوتنێكیش بڕیاردرا رۆژی یەكشەممەی داهاتوو لەبەغدا جارێكیتر كۆببنەوە.

لیوا محەمەد رێگر فەرماندەی میحوەری كەركوكی هێزی پێشمەرگە بەوەكالەت ئەمڕۆ هەینی 27ی تەمووز بە دواڕۆژ ی وت "لەوەفدەكەوە زانیومانە كە تەواوی ئەندامانی وەفدەكەی بەغدا بۆچونیان باشبووە بەرامبەر بەكردنەوەی رێگای كەركوك – هەولێر، بەڵام راكان سەعید جبووری پارێزگاری كەركوك بەوكالەت بۆچونی خراپی هەبووەو بەربەستی نەگەیشتن بەهیچ رێككەوتنێكیش ئەو بووە".

وتیشی "راكان سەعید پێشنیاریكردووە كە بازگەی حكومەتی عێراق لەو دیو سنوری ناحیەی پردێ دابمەزرێت، بەڵام وەفدەكەی هەرێم ئەوەی رەتكردوەتەوە و پێیان راگەیاندووە كە تەنها بە بازگە كۆنەكەی كەڵوڕ رازی دەبن".

ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد كە كردنەوەی رێگاكە سودەكانی بۆ هەردوو لایە و لەئێستادا هەوڵی جدی هەیە بۆ كردنەوەی، بەڵام لەلایەن ئەو پارێزگارە سەپێندراوەوە هەوڵدەدرێت بەربەست دروستبكرێت.

ئەوەشی خستەڕوو كە ئەوان كاتێك داوا دەكەن لەو دیوی پردێ بازگەیان هەبێت بۆ دوو مەبەستە كە جێگیركردنی هێزی زیاتری حەشدی شەعبییە لەبەرامبەر پێشمەرگە و دواتر وەرگرتنی گومرگییە كە بەدزی دەزانین.

لیوا محەمەد رێگر ئەوەشی وت "لەڕێگەی وەفدەكەوە پەیامم بۆ وەفدە دانوستانكارەكەی بەغدا ناردووە كە راكان سەعیدیان لەگەڵدابووە كە هێزی پێشمەرگە پابەند دەبێت بەرێككەوتنەكەو بەبێ هێزی حكومەتی عێراقیش ئێمە نایەینە سنوری ناحیەكە، بەڵام هەركاتێك فەرمانمان پێبكرێت ئەوە دەگەینە ئەو سەری كەركوك ئەگەر هەموو هێزی عێراق لەپردێ جێگیركرابێت.

بڕیارە رۆژی یەكشەممەی داهاتوو وەفدەكەی هەرێم و بەغدا لەنوسینگەی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیران عێراق جارێكیتر كۆببنەوە و لەئەگەری گەیشتن بەرێككەوتنیش ئیمزا لەسەر رێككەوتنەكە بكەن.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure