چوار فراكسیۆنی پەرلەمان بەیاننامەیەكیان بڵاوكردەوە

هەواڵ / کوردستان :: 26/07/2018‌ :: 713‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، ئاوارە حەمید
چوار فراكسیۆنی پەرلەمانی كوردستان بەیاننامەیەكیان لەسەر پەلاماردانی باڵەخانەی پارێزگای هەولێر و تۆمەتباركردنی پەرلەمانتارێكی كۆمەڵ بڵاوكردەوە.


لە بەیاننامەكەیاندا هەریەك لە فراكسیۆنی، گۆڕان، یەكگرتوو، كۆمەڵ و بزووتنەوەی ئیسلامی دەڵێن "ئیدانەی پەلاماری باڵەخانەی پارێزگای هەولێر دەكەین و تۆمەتباركردنی پەرلەمانتارێكی كۆمەڵ بەبێ بڕیاری دادگا متمانەی هاوڵاتیان بە دەزگا ئەمنییەكان كەمدەكاتەوە.


دەقی بەیاننامەكە:
بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان
بەیاننامەی چوار فراكسیۆنی پەرلەمانی كوردستان لەسەر پەلاماری بینای پارێزگای هەولێرو تۆمەتباری كردنی ناڕەوای چەند كەس و لایەنێك
لەكاتێكدا هەرێمی كوردستان بەدۆخێكی قەیراناوی دا گوزەر دەكات بەداخەوە پەلاماری بینای پارێزگای هەولێر دەدرێت، بەتوندی ئیدانەی ئەو پەلامارە دەكەین، پێویستە دەزگا ئەمنیەكان بەوریایی زیاترەوە هەوڵی پاراستنی دامەزراوە حكومیەكان و سەروماڵی هاوڵاتیان بدەن.
پاش پەلاماری بینای پارێزگای هەولێر لێدوانی چەند بەرپرسێكی حكومی و ئەمنی شاری هەولێر بۆ تۆمەتباركردنی كەسانێك پێش لێكۆڵینەوەو بڕیاری دادگا كارێكی نایاساییەو بۆ متمانەی نێوان هاوڵاتیان و دەزگا ئەمنیەكان كەم دەكاتەوە.
لەپەنای ئەو ڕوداوانەدا ناوهێنانی مامۆستا سەلیم شوشكەیی ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێراق، بۆ شكاندنی كەسێتی و ناوزڕاندن و لەكەداركردنەو تۆمەتی بێ بەڵگە و بێ بڕیاری دادگایەو ڕەدی دەكەینەوە، بە پاكتاوی سیاسی و مەرامی حزبی دادەنێن.
خوازیاریشین دەزگا ئەمنیەكان بێلایەنی خۆیان بپارێزن و بەكارنەهێنرێن بۆ دژایەتی هیچ كەس و لایەنێك.
فراكسیۆنی گۆڕان
فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی 
فراكسیۆنی بزوتنەوەی ئیسلامی
فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure