نه‌خۆشییه‌ك ته‌ماته‌ى باڵه‌كایه‌تى وشك ده‌كات

هەواڵ / ئابوری :: 26/07/2018‌ :: 897‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، راپۆرت، ئاكۆ حه‌مه‌د رابی 
نه‌خۆشیه‌كی ڕووه‌كی له‌ نێو به‌رهه‌می ته‌ماته‌ی جوتیارانی سنورى باڵه‌كایه‌تی  سه‌ر به‌ پارێزگاى هه‌ولێر بڵاوده‌بێته‌وه‌ و به‌وهۆیه‌شه‌وه‌ ته‌ماته‌كان له‌ شوێنی خۆیان وشك ده‌بن، به‌ڕێوه‌به‌ری كشتوكاڵی چۆمانیش رایده‌گه‌یه‌نێت كه‌ ڕێنماییان به‌ جوتیاران داوه‌ بۆ چۆنێتی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ئه‌و جۆره‌ نه‌خۆشیه‌دا.

 
سه‌عید عه‌بدوڵا  كه‌ جوتیارێكی سنوری قه‌زای چۆمانه‌، ماوه‌ی سێ ساڵه‌ سه‌رقاڵی به‌رهه‌م هێنانی به‌روبوومی كشتوكاڵییه‌، به‌دواڕۆژی وت " پاره‌م قه‌رزكردووه‌ تاكو ته‌ماته‌كانم گه‌یاندووه‌ به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ جۆره‌ نه‌خۆشییه‌ك بڵاوبووه‌ته‌وه‌و خه‌ریكه‌ هه‌موو به‌روبوومه‌كه‌م له‌ناو ده‌بات و هه‌موو ماندوبوونی ئه‌مساڵی كاركردنم به‌هه‌ده‌ر ده‌چێت و ئه‌مساڵ هیچ قازانجێكی ماددی ناكه‌م". 

ئه‌و جوتیاره‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا كه‌ وه‌ك كۆمه‌ڵێك جوتیاری ناوچه‌ی باڵه‌كایه‌تی داوایان له‌ كشتوكاڵی قه‌زای چۆمان كردووه‌ كه‌ یان هاوكاری بكرێن ، یاخود قه‌ره‌بووی ماددی بكرێنه‌وه‌. 

له‌باره‌ی ئه‌و جۆره‌ نه‌خۆشیه‌وه‌ سلێمان عه‌بدوڵا به‌ڕێوه‌به‌ری كشتوكاڵی چۆمان به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند"نه‌خۆشییه‌كی ڤایرۆسی له‌ نێو ته‌ماته‌ی سنوری چۆمان بڵاوبۆته‌وه‌، ئه‌م نه‌خۆشیه‌ چاره‌سه‌ری نیه‌، به‌ڵام له‌ ئێستادا جوتیاره‌كانی ناوچه‌كه‌مان ئاگاداركردۆته‌وه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر له‌ناو ته‌ماته‌كان بینیان چه‌ند بڕێك ته‌ماته‌ توشی ئه‌و ڤایرۆسه‌ بووه‌، واباشه‌ له‌ ڕه‌گه‌وه‌ ده‌ریبهێنن، بۆ ئه‌وه‌ی كۆی به‌روبوومی ته‌ماته‌كان تووشی ئه‌م نه‌خۆشیه‌ نه‌بن و ڤایرۆسه‌كه‌یان بۆ نه‌گوازرێته‌وه‌". 

به‌ڕێوه‌به‌ری كشتوكاڵی چۆمان وتیشی " به‌هۆی ئه‌و نه‌خۆشیه‌وه‌و وشك بوونی نه‌مامه‌ ته‌ماته‌كان كاریگه‌ریی زۆری ده‌بێت له‌سه‌ر كه‌مبوونه‌وه‌ی به‌رهه‌می ته‌ماته‌ی سنوره‌كه‌مان". 

له‌كاتی پێگه‌یشتنی به‌رهه‌می ته‌ماته‌ی باڵه‌كایه‌تی ڕۆژانه‌ 50 ته‌ن ته‌ماته‌ ڕه‌وانه‌ی بازاڕه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كرێت، به‌ڵام به‌ پێی وته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری كشتوكاڵی چۆمان به‌هۆی بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌و نه‌خۆشیه‌ به‌رهه‌می ته‌ماته‌ی باڵه‌كایه‌تی به‌ڕێژه‌ی % 30كه‌م ده‌بێته‌وه‌. 

به‌ڕێوه‌به‌ری كشتوكاڵی چۆمان جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌شكرده‌وه‌ كه‌ نابێت هه‌موو ساڵێك زه‌وی كشتوكاڵى بكرێته‌ یه‌ك جۆر به‌ره‌و بووم، به‌ڵكو پێویسته‌، سێ ساڵ جارێك زه‌ویه‌كه‌ بكرێته‌ جۆره‌ به‌ره‌و بوومێكی جیاواز و وتیشى" له‌باره‌ی ئه‌و كێشه‌یه‌وه‌ سه‌روی خۆمان ئاگاداركردۆته‌وه‌و داوامان لێكردون لیژنه‌یه‌ك بنێرن بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌م جۆره‌ نه‌خۆشیه‌و به‌ڵام به‌هۆی قه‌یرانی داراییه‌وه‌ له‌ ئێستادا ناتوانین هیچ چه‌شنه‌ هاوكارییه‌كی جووتیاران بكه‌ین". 




created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure