پێشانگاكانی كڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێلی" تۆزوبا" داده‌خرێن

هەواڵ / ئابوری :: 28/07/2018‌ :: 1380‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، ئاكۆ حه‌مه‌د رابی 
به‌ بڕیاری ئیداره‌ی قه‌زای سۆران پێشانگاكانی كڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێلی "تۆزوبا"  داخران و بڕیاره‌كه‌ش ناڕه‌زایه‌تی خاوه‌ن پێشانگاكانى لێده‌كه‌وێته‌وه‌، وته‌بێژی هاتوچۆی سۆران-یش رایده‌گه‌یه‌نێت كه‌ له‌ سنوری ده‌ڤه‌ری سۆران نزیكه‌ی 5 هه‌زار ئۆتۆمبێلی بێ ژماره‌ و ساڵنامه‌ هه‌ن. 


كرمانج عزه‌ت، قایمقامی قه‌زای سۆران به‌دواڕۆژی راگه‌یاند "به‌مه‌به‌ستی كه‌مكردنه‌وه‌ و ڕێگریكردن له‌ ئۆتۆمبێلی بێ ژماره‌ و تابلۆ یان ئه‌وه‌ی له‌ نێو خه‌ڵكدا پێی ده‌ڵێن (تۆزوبا و علوج)، بریاڕی داخستنی سه‌رجه‌م ئه‌و پێشانگایانه‌ماندا كه‌ له‌ سۆران مامه‌ڵه‌یان به‌و جۆره‌ ئۆتۆمبێلانه‌وه‌ ده‌كرد". 

وتیشی "له‌قه‌زای سۆران شه‌ش پێشانگای ئۆتۆمبێلی (تۆزوبا) داخران كه‌ مامه‌ڵه‌ی كڕین و فرۆشتنی ئه‌و جۆره‌ ئۆتۆمبێلانه‌یان تێدا ئه‌نجام ده‌درا". 

قایمقامی سۆران باسی له‌وه‌شكرد كه‌ وه‌ختێك له‌ شاردا مامه‌ڵه‌ و كڕین و فرۆشتن له‌و پێشانگایانه‌ ده‌كرا، مانای وایه‌ حكومه‌ت ڕه‌وایه‌تی به‌و ئۆتۆمبێلانه‌ ده‌دات، بۆیه‌ دوای دیراسه‌كردن، بڕیاری داخستنی ئه‌و پێشانگایانه‌ماندا، بڕیاره‌كه‌ چوه‌ته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌. 

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ سه‌ردار محه‌مه‌د، كه‌ له‌و پێشانگایانه‌ كاری ده‌كرد و خاوه‌نی پشكه‌، نیگه‌رانی خۆی له‌و بڕیاره‌ ده‌ربڕی و بۆ دواڕۆژ وتی "ئێمه‌ خه‌رجیه‌كی زۆرمان له‌و پێشانگایانه‌ كردووه‌، بۆیه‌ داوا له‌ ئیداره‌ی سۆران ده‌كه‌م یان به‌ بڕیاره‌كه‌یاندا بچنه‌وه‌، چونكه‌ ئێمه‌ له‌و بڕیاره‌ زه‌ره‌رمه‌ندی یه‌كه‌مین". 

له‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌ رائید دلاوه‌ر له‌تیف وته‌بێژی پۆلیسی هاتوچۆی سۆران به‌دواڕۆژی راگه‌یاند "له‌ ده‌ڤه‌ری سۆران به‌هه‌ر چوار قه‌زاكه‌یه‌وه‌ به‌ پێی ئه‌و ئاماره‌ی لای ئێمه‌ هه‌یه‌، نزیكه‌ی 5 هه‌زار ئۆتۆمبێلی بێ ژماره‌ و ناسنامه‌ له‌و سنوره‌ هه‌ن". 

وتیشی "ئۆتۆمبێلی "تۆزوبا یان علوج"  له‌ زۆرێك لەشاره‌كانی كوردستان مامه‌ڵه‌ی پێوه‌ ده‌كرێت، داخستنی پێشانگاكانی ئه‌و سنوره‌ش ڕه‌نگه‌ كاریگه‌ری زۆربێت له‌سه‌ر كه‌مبوونه‌وه‌ی ئه‌و جۆره‌ ئۆتۆمبێلانه‌و له‌ هه‌مان كاتدا ڕه‌نگه‌ كاریگه‌ری له‌سه‌ر ڕێكخستنی بواری ترافیكیش هه‌بێت له‌و سنوره‌". 



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure