به‌ره‌ی توركمانی داوای پۆستی پارێزگاری كه‌ركوك ده‌كات

هەواڵ / کوردستانی :: 26/07/2018‌ :: 333‌ جار بینراوە
حه‌سه‌ن تۆران جێگری سه‌رۆكی به‌ره‌ی توركمانی

دواڕۆژ، عیماد جه‌باری
به‌ره‌ی توركمانی عێراقى داواده‌كات حاڵه‌تێكی جیاواز به‌كه‌ركوك ببه‌خشرێت و به‌وپێیه‌ی زۆرترین سكاڵای تێدا تۆماركراوه‌‌ و پرۆسه‌ی ئه‌ژماری ده‌ستی بۆ سه‌رجه‌م سندوقه‌كانی ده‌نگدان تێیدا ئه‌نجامبدرێت، هه‌روه‌ها داوای پۆستی پارێزگارى شاره‌كه‌ش ده‌كات.


 ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 26ى ته‌مموز، حه‌سه‌ن تۆران جێگری سه‌رۆكی به‌ره‌ی توركمانی له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا داوایكرد ئه‌نجومه‌نی نوێی كۆمسیارانی كۆمسیۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردنه‌كان  جارێكیتر چاوبخشێنێته‌وه‌ به‌ بڕیاره‌كه‌یداو به‌هۆی زۆرینه‌ی سكاڵاكانه‌وه‌ ئه‌ژماری ده‌ستی بۆ سه‌رجه‌م سندوقه‌كانی ده‌نگدان بكات له‌گه‌ڵ به‌راوردكردنی باركۆرد له‌گه‌ڵ په‌نجه‌ مۆری ده‌نگده‌راندا".

داواشیكرد، حكومه‌تی عێراقی سه‌رجه‌م ئه‌و كه‌سانه‌ی ده‌ستیان له‌ساخته‌كارییه‌كانی كه‌ركوكدا هه‌بووه‌ دادگاییان بكات و گه‌نده‌ڵكارانیش رووبه‌ڕووی دادگا بكاته‌وه‌، به‌پێچه‌وانه‌یشه‌وه‌ شه‌قامی كه‌ركوكی خۆی سزایان ده‌دات.

جێگری به‌ره‌ی توركمانی داواشیكرد كه‌ كاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌ وه‌كو پێكهاته‌ی توركمان پۆستی پارێزگاری كه‌ركوك وه‌ربگرن و به‌ پشكی خۆیانى له‌قه‌ڵه‌مدا و وتیشى"له‌چوارچێوه‌یه‌ی عێراقیدا كه‌ عه‌ره‌ب و توركمان چه‌ند پارێزگایه‌كیان به‌ده‌سته‌وه‌یه‌ پێویسته‌ توركمانیش ئه‌و مافه‌ی پێبدرێت".

 وتیشی" كوتله‌ی عه‌ره‌بی له‌سه‌ر ئه‌و داوایه‌ ره‌زامه‌ندییان ده‌ربڕیوه‌ به‌ڵام كورد ناڕازین، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر كورد بیه‌وێت هه‌مووان به‌یه‌كه‌وه‌ بگه‌ڕێینه‌وه‌ گفتوگۆو دانیشتنه‌كان ئه‌وه‌ پێویسته‌ داواكه‌مان قبوڵ بكات".



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure