"پارە بۆ سەوزایی هەولێر دابین دەكرێت، بەڵام نادرێت بە سلێمانی"

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 26/07/2018‌ :: 1226‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، سامان قوبادی
بەهۆی دابیننەكردنی بودجە و ئاونەدانیان، پارك و باخچەكانی سلێمانی وشك و زەرد بوون. بەوتەی راگەیاندنی باخچەكان-یش پارە و تەنكەر بۆ پارك و باخچەكانی هەولێر دابین دەكرێت، بەڵام بۆ سلێمانی تەرخان ناكرێت، ئەمە لەكاتێكدایە سلێمانی لەسەر ئاستی عێراق پلەی یەكەمی لە رووبەری سەوزاییدا هەیە.


سلێمانی زۆرترین پارك و باخچەی تیایە
هاوژین عوسمان لێپرسراوی راگەیاندنی باخچەكانی سلێمانی بۆ دواڕۆژ دەڵێت "رێژەی سەوزایی باخچەكان 9%ە. بەهۆی دابیننەكردنی پارە بۆ ئاودانی باخچەكان، زۆربەی چیمەنەكانمان زەرد بوون، دەبوایە لە مانگی 6ی ئەمساڵەوە تەنكەرمان بۆ دابین بكرایە بەڵام تائێستا هیچ شتێكمان بۆ نەكراوە. سلێمانی 556 پارك و باخچەی تیایە بەڵام كەمتر لە 100 بیریان هەیە. ئەم شارە لەسەر ئاستی عێراق پلەی یەكەمی هەیە و زۆرترین پارك و باخچەی تێدایە".

لێپرسیراوی راگەیاندنی باخچەكانی سلێمانی وتیشی"دارەكانمان وشكنەبوون، بەڵام دەبێت چیمەن رۆژی 2 جار ئاو بدرێت، بەداخەوە زۆربەیان، كە دەكەونە گەڕەكەكانەوە، زەرد بوون. پێشتر ساڵانە 700 ملیۆن دینار بۆ تەنكەرەكان دابینكراوە تا ئاوی باخچەكانی پێ بدەین، ئەمساڵ هیچ بڕە پارەیەك دابیننەكراوە".

بەوتەی لێپسراوی راگەیاندنی باخچەكان ئەگەر جیاوازیی نەكرایە لە خەرجكردنی بودجە لە نێوان هەولێر و سلێمانی، هیچ كێشەیەكیان نەدەبوو "چونكە وەزارەتی دارایی لە هەولێر پارە و تەنكەر و ئاویان بۆ دابین دەكەن و بۆ سلێمانی ناكرێت. پێشتریش بۆ خەرجكردنەوەی داهات نووسراومان ئاراستەی شارەوانی كردووە و ئەوانیش ناردوویانە بۆ وەزارەتی دارایی، بەڵام گوێی پێنادەن". 

سلێمانی لە رووبەری سەوزایی یەكەمە
بەپێی ئامارێكی فەرمیی سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانی، بەگشتی رێژەی سەوزایی لە سلێمانی 18%ە و لە رووی رووبەری سەوزاییەوە یەكەمی ئاستی عێراقە، ئەمەش لەكاتێدایە بەپێی ستانداردی جیهانی نابێت رێژەكە 15% كەمتربێت.

كۆمەڵەی كوردستانێكی سەوز یەكێكە لەو رێكخراوانەی بەردەوام گرنگی بە رواندنی دار و زیادكردنی رێژەی سەوزایی دەدات، بەڵام لەئێستادا بەهۆی نەبوونی بودجەوە چالاكییەكانیان وەكو پێشتر نەماوە.

 سەبارەت بە پشتگوێخستنی پارك و باخچەكانی سلێمانی، ئارارات زەردەشتی سەرۆكی كۆمەڵەی كوردستانێكی سەوز بۆ دواڕۆژ وتی "لە هەر شار و ناوچەیەكدا نابێت رووبەری سەوزایی 15% كەمتر بێت و ئەگەر رێژەكە بەرزبێتەوە بۆ 35% ئەوكات بە ئاستێكی باش دادەنرێت".

زەردەشتی دەڵێت "هەندێك لە باخچەكانی سلێمانی لە قۆناغی دروستكردندان، بەشێكی تریان پارەیان بۆ خەرج ناكرێت، هەندێكیان تەنكەرەكان ناتوانن بەردەوام ئاویان بدەن. ساڵی رابردوو بە هاوكاریی هاووڵاتیان چەند تەنكەرێكی ئاومان دابینكرد بۆ ئاودانی باخچەكان بۆ ماوەیەكی كاتی. بەداخەوە بودجەیەكی دڵسۆزانە بۆ ژینگە تەرخان ناكرێت كە ئێستا زۆربەی باخچەكان بەرەو لەناوچوون دەچن، ئەمە خەسارەیە، چونكە هەمووی پارەی تێچووە".

سەرۆكی كۆمەڵەی كوردستانێكی سەوز باسی لەوەیشكرد: باخ هەیە تەمەنی 100 ساڵە و هەیە 50 ساڵە، بەڵام بەتایبەت ئەو باخچانەی تەمەنیان نزیكەی 20 ساڵە بەرەو لەناچوون دەچن ئەگەر ئاوڕیان لێ نەدرێتەوە و ئاو نەدرێن. ئەگەر دوو تەنكەرمان هەبوایە نەمان دەهێشت باخچەكان وشك بن".

ئاراران زەردەشتی هۆشداریی ئەوەیشی دا "ئەگەر ئەم كێشەیە بەردەوام بێت، رووبەری سەوزایی لەناودەچێت، رادەی شێ و ئۆكسجین كەم دەكات، ژینگە پیس دەبێت، جگەلەوە ئەو ملیۆنان دۆلارەی بۆ سەوزایی خەرج كراوە، بە خەسار دەڕوات".



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure