کۆمسیۆن ماوەی وه‌رگرتنى ناوى كاندیدان درێژدەکاتەوە

هەواڵ / کوردستان :: 24/07/2018‌ :: 633‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، كۆچه‌ر عه‌لى
بڕیاروایه‌ سبه‌ى ئه‌نجومه‌نى كۆمسیارانى هه‌رێم بۆ بڕیاردان له‌سه‌ر درێژكردنه‌وه‌ى ماوه‌ى وه‌رگرتنى ناوى كاندیدان كۆببێته‌وه‌ و سه‌رچاوه‌یه‌كیش له‌ كۆمسیۆن ده‌ڵێت، ماوه‌ى وه‌رگرتنى ناوى كاندیدان تا رۆژى یه‌كشه‌ممه‌ى داهاتوو درێژده‌كرێته‌وه‌.


به‌پێى ئه‌و ماوه‌یه‌ى كۆمسیۆن دیاریكردووه‌ رۆژى چوارشه‌ممه‌ 25ى ته‌مووزى 2018 دواواده‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ى لایه‌نه‌كان ناوى كاندیده‌كانیان ئاراسته‌ى كۆمسیۆن بكه‌ن، له‌وباره‌یه‌وه‌ سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ كۆمسیۆنى باڵاى هه‌ڵبژاردن و راپرسى هه‌رێم به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند، سبه‌ى ئه‌نجومه‌نى كۆمسیاران له‌باره‌ى وه‌رگرتنى ناوى كاندیدان كۆده‌بێته‌وه‌.

ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ وتیشى، "گه‌رچى پێشتر بڕیاروابوو كه‌ 25ى ئه‌م مانگه‌ دواواده‌بێت بۆ وه‌رگرتنى ناوى كاندیدانى لایه‌نه‌كان، به‌ڵام سبه‌ى كۆمسیۆن ئه‌و ماوه‌یه‌ درێژده‌كاته‌وه‌ بۆ رۆژى یه‌كشه‌ممه‌ى داهاتوو كه‌ ده‌كاته‌ 29ى ته‌مووز".

دووشه‌ممه‌ى رابردوو كۆمسیۆنى هه‌ڵبژاردنى هه‌رێم له‌گه‌ڵ به‌رپرسى یه‌كه‌مى ده‌زگاى هه‌ڵبژاردنى حزبه‌كان كۆبوه‌وه‌ و یه‌كێك له‌ خاڵه‌كانى كۆبوونه‌وه‌كه‌ تایبه‌ت بوو به‌ ناردنى ناوى كاندیدى لایه‌نه‌كان بۆ هه‌ڵبژاردنى خولى پێنجه‌مى په‌رله‌مانى كوردستان.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure