ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی كۆدەبێتەوە و بڕیار لەبارەی كۆنگرە دەدات

هەواڵ / کوردستان :: 24/07/2018‌ :: 776‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، هۆگر كەمال
ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان رایدەگەیەنێت، بڕیارە لەم هەفتەیەدا ئەنجومەنی سەركردایەتی حزبەكەیان كۆببێتەوە و بڕیار لەبارەی وادەی ئەنجامدانی كۆنگرە بدەن.

ڕەهبەر سەید برایم، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، بە دواڕۆژی وت "وا بڕیارە لەم هەفتەیەدا ئەنجومەنی سەركردایەتی كۆببێنەوە و گفتوگۆ لەبارەی دۆخی ئێستای عێراق و دوای هەڵبژاردنەكان بكەین".

وتیشی "لە كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆ لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەكەین و بڕیار لەبارەی ئامادەكارییەكانەوە دەدەین".

ڕەهبەر سەید برایم، ئاماژەی بەوەشدا "تەوەری سەرەكی كۆبوونەوەكەمان گفتوگۆكردن دەبێت لەبارەی ئەنجامدانی كۆنگرەی یەكێتی، چونكە ئەگەر هەڵبژاردن لەكاتی خۆی بكرێت ئەوا دەبێت خۆمان بۆ بانگەشە ئامادەبكەین و ناتوانین كۆنگرە ببەستین، بەڵام ئەگەر هەڵبژاردن لەكاتی خۆی نەكرێت ئەوا دەبێت بڕیار لە بارەی كاتی كۆنگرەوە بدەین".



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure