هه‌ڵه‌بجه‌: دادگاییكردنى كۆمپانیاكانى فرۆشتنى چه‌كى كیمیایى دواخرا

هەواڵ / کوردستان :: 23/07/2018‌ :: 201‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عه‌لى حه‌مه‌سه‌عید
دانیشتنی دادگاییكردنى ئه‌و كۆمپانیایانه‌ی چه‌كی كیمیاییان به‌ رژێمی به‌عس فرۆشتووه‌ به‌هۆى ئاماده‌نه‌بوونى لایه‌نى سكاڵا له‌سه‌ركراو بۆ مانگى 11ى ئه‌مساڵ دواخرا.


ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 23ى ته‌مموزى 2018 بۆ یه‌كه‌مجار به‌ ئاماده‌بوونی كه‌سوكاری شه‌هیدان و ژماره‌یه‌ك هاوڵاتی هه‌ڵه‌بجه‌ و پارێزه‌ران، یه‌كه‌م دانیشتنی دادگایكردنى ئه‌و كۆمپانیا بیانیانه‌ی چه‌كی كیمیاییان به‌ رژێمی به‌عس فرشتووه‌ به‌ڕێوه‌چوو، به‌ڵام به‌هۆى ئاماده‌نه‌بوونى لایه‌نى سكاڵا له‌سه‌ركراو، دادگاى هه‌ڵه‌بجه‌ بڕیاریدا دادگایكردنه‌كه‌ بۆ مانگى تشرینى دووه‌م دوابخات.

سامی جه‌لال، نوێنه‌ری گروپی دادوه‌ری جیهانی له‌ كوردستان دوابه‌دواى كۆتایى هاتنى دانیشتنه‌كه‌ له‌ كۆنگره‌یه‌كى رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند، له‌ یه‌كه‌م دانیشتنی دادگادا چه‌ند به‌ڵگه‌نامه‌یه‌كمان نیشانی دادوه‌ر دا كه‌ سه‌لمێنه‌ری ئه‌وه‌ن چ تاوانێك به‌رامبه‌ر شاره‌كه‌ كراوه‌، به‌ڵام ھیچ یه‌كێك له‌ سكاڵا له‌سه‌ر تۆماركراوه‌كان ئاماده‌ى دانیشتنه‌كه‌ نه‌بوون، بۆیه‌ دادگا دانیشتنه‌كه‌ی بۆ مانگی ١١ی ئه‌مساڵ دواخست.

وتیشى، ماوه‌ی 10 ساڵه‌ كار له‌سه‌ر كۆكردنه‌وه‌ی به‌ڵگه‌ ده‌كه‌ین، هه‌وڵیش ده‌ده‌ین كیمیابارانی ناوچه‌كانی تری هه‌رێمی كوردستان وه‌ك كیمیابارانى بالیسان و دۆڵى جافایه‌تى  په‌یوه‌ست بكه‌ین به‌م كه‌یسه‌وه‌، چونكه‌ به‌ پشتبه‌ستن به‌و به‌ڵگانه‌ی كه‌ پێشكه‌شی دادگاكه‌ كران، ده‌یسه‌لمێنێت كه‌ حكومه‌تی به‌عس به‌ته‌نها ئه‌و كرده‌وه‌یه‌ی نه‌كردوه‌ و پشت و په‌نای هه‌بووه‌، بۆیه‌ ده‌مانه‌وێت له‌ڕێگه‌ی دادگاكه‌وه‌ داوای قه‌ره‌بوو بۆ برینداران و كه‌سوكاری شه‌هیدانی كیمیاباران بكه‌ین.

هه‌ر له‌و كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانییه‌دا ئه‌یاد كاكه‌یى، پارێزه‌رى كه‌یسى كیمیابارانى هه‌ڵه‌بجه‌ ئه‌وه‌ى وت، دادگاكه‌ دژی حكومه‌تی هه‌رێم یاخود حكومه‌تی عیراق نییه‌، به‌ڵكو دژی ئه‌و كۆمپانیانه‌یه‌ كه‌ به‌ڵگه‌كان ده‌یسه‌لمێنێت چۆن پسپۆڕه‌كانیان هاوكاری رژێمی به‌عسیان كردوه‌ له‌ دروستكردنی كارگه‌ی چه‌كی كیمیایی بۆیه‌ له‌ هه‌وڵه‌كانمان به‌رده‌وام ده‌بین تا ئه‌وكاته‌ى دادگا بڕیارێكى یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ له‌م دۆسیه‌یه‌دا ده‌دات.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure