لایەنەكان داوای دڵنیایی لەكۆمسیۆن دەكەن

هەواڵ / کوردستان :: 23/07/2018‌ :: 459‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، كۆچەر عەلی 
ئەمڕۆ دووشەممە 23ی تەمووز، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسی هەرێم كۆبوونەوەو داوای دڵنیابوونی خاوێنی تۆماری دەنگدەرانیان لە كۆمسیۆن كرد. 

لەبارەی ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكە نەوزاد گردعازەبانی، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی بزوتنەوەی ئیسلامی بە دواڕۆژی راگەیاند "باس لە خاوێنیی تۆماری دەنگدەران كراوەو داواشیان لە كۆمسیۆن كردووە دڵنیایی بدەنە لایەنەكان كە هیچ خروقات و دەستتێوەردانێك لە پرۆسەی هەڵبژاردندا نەبێت". 

بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی بزوتنەوە وتیشی "لایەنەكان جەختیان لەسەر لابردنی ناوی مردووان و ئاوارە و ناوی دووبارە كردۆتەوە كە پێویستە كۆمسیۆن لە تۆماری دەنگدەران بیان سڕێتەوەو ئەوانیش بەڵێننیان داوە لەهەڵبژاردنی ئەمجارەی پەرلەمان ئەم كێشەیە چارەسەر بكەن". 

لە بارەی ناوی كاندیدانی لیستەكانیش نەوزاد گردعازەبانی ئاماژەی بەوەشكرد، ئەوان وەك لیستی هاوپەیمانی بەرەو ئیسلاح كە لە یەكگرتوو و بزوتنەوە پێكدێت لەماوەی كەمتر لە 48 كاتژمێری داهاتوو ناوی كاندیدەكانی خۆیان ئاڕاستەی كۆمسیۆن دەكەن، چونكە بەپێی قسەی كۆمسیۆن پێناچێت ماوەی ئاڕاستە كردنی ناوی كاندیدان درێژ بكرێتەوە. 

هاوكات شێروان زرار, وتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی بە دواڕۆژی راگەیاند "ئەمڕۆ كۆمسیۆن دوایین ئاگادار كردنەوەی داوەتە لایەنەكان كە پێویستە ناوی سەرجەم كاندیدەكانیان لە ماوەی كەمتر لە دوو رۆژی داهاتوو ئاڕاستەی كۆمسیۆن بكەن، چونكە رای زۆرینەی كۆمسیاران لەگەڵ ئەوەدایە كاتی پێدانی ناوی كاندیدان بە كۆمسیۆن درێژ نەكرێتەوە. 

وتەبێژی كۆمسیۆن روونیشیكردەوە، داوایان لە حزب و قەوارەكان كردووە هاوكاری كۆمسیۆن بكەن بۆ سەرخستنی پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و رێكارەكانی خۆیان زوو تەواو بكەن، چونكە كۆمسیۆنیش كاتی كەم لەبەردەست ماوە تاوەكو ئامادەكارییەكان بۆ رۆژی 30ی ئەیلولی داهاتوو ئەنجامبدات. 

شێروان زرار وتیشی "دڵنیاییان داوەتە لایەنەكان كە تۆماری دەنگدەرانی ئەمجارە زۆر جیاواز دەبێت لەگەڵ تۆماری دەنگدەرانی هەڵبژاردنەكانی رابردوو ناوێكی زۆری دەنگدەر كە دووبارەو مردوون، لە لیستی دەنگدەران لادراوە". 



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure