پارتی له‌باره‌ى هه‌ڵبژاردنى ئاینده‌ى كه‌ركوكه‌وه‌ بڕیاریدا

هەواڵ / کوردستانی :: 24/07/2018‌ :: 1495‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیماد جەباری
بەرپرسێكی پارتی ئاشكرایكرد كە حزبەكەی جارێكیتر هەڵبژاردن لەكەركوك بایكۆت ناكات و پێشی وایە تا ئەو كاتەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان ئەنجام دەدرێت گۆڕانكاری لەدۆخی كەركوك دەكرێت.

عەدنان كەركوكی، وتەبێژی ئەنجومەنی سەركردایەتی كەركوك – گەرمیانی پارتی دیموكراتی كوردستان بە دواڕۆژی وت "بەدوری دەزانین جارێكیتر پارتی لەكەركوك بایكۆتی هەڵبژاردنەكان بكات و خۆیشی بۆ هەڵبژاردنی پارێزگاكان ئامادەكردووە، كە بڕیارە لە مانگی كانونی یەكەمی ئەمساڵ ئەنجامبدرێت.

وتیشی، ئەگەرچی تا ئێستا هیچ ئامادەكارییەك لەسەر ئاستی عێراق بۆ ئەو هەڵبژاردنە نەكراوە، بەڵام بەدڵنیایی پارتی خۆی بۆ هەموو هەڵبژاردنێك ئامادەكردووە.

وتەبێژەكەی ئەنجومەنی سەركردایەتی كەركوكی پارتی، ئەوەشی خستەڕوو كە بەشداریكردنیان لەهەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك هێشتا نەبوەتە بڕیاری فەرمی و كۆتایی لەبارەوە نەدراوە.

عەدنان كەركوكی نەیشاردەوە كە مەرجی سەرەكی پارتی بۆ دانوستان لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی عێراق ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركوك و گەڕانەوەی پێشمەرگەیە.
 
وتیشی " پێمان وایە تا ئەو كاتەی هەڵبژاردن ئەنجام دەدرێت گۆڕانكاریی لەدۆخی كەركوكدا رودەدات ".



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure