گه‌شه‌ى دانیشتوانى هه‌رێم به‌راورد به‌ عێراق كه‌مبۆته‌وه‌

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 22/07/2018‌ :: 797‌ جار بینراوە
"گه‌شه‌ى دانیشتوان له‌ ساڵى 2006 له‌ هه‌رێم 3.8% بووه‌" فۆتۆ: حه‌مه‌سور

تاگ :: كوردستانى

دواڕۆژ، نوسینگه‌ى هه‌ولێر
به‌پێى ئامارى وه‌زاره‌ته‌كانى پلاندانانى عێراق و هه‌رێم، رۆژ دواى رۆژ رێژه‌ى گه‌شه‌ى دانیشتوان له‌ عێراق له‌ كه‌مبوونه‌وه‌دایه‌، گه‌شه‌ى دانیشتوانی هه‌رێمى كوردستانیش به‌راورد به‌ عێراق كه‌متره‌ و ئه‌مه‌ش كاریگه‌رى راسته‌وخۆى ده‌بێت له‌سه‌ر پشكى كورد له‌ بودجه‌ و ژماره‌ى كورسییه‌كانى له‌ په‌رله‌مان، شاره‌زایه‌كى بواره‌كه‌ش له‌وباره‌یه‌وه‌ هۆشدارى ده‌دات.


هه‌رچه‌نده‌ به‌پێى یاسا كارپێكراوه‌كانى عێراق پێویسته‌ هه‌ر ده‌ ساڵ جارێك سه‌رژمێرى گشتى دانیشتوان ئه‌نجامبدرێت، به‌ڵام به‌هۆى بارودۆخى سیاسى ماوه‌ى 31 ساڵ تێپه‌ڕیوه‌، به‌ڵام تاوه‌كو ئێستا هیچ سه‌رژمێرییه‌كى گشتى ئه‌نجامنه‌دراوه‌، وه‌زاره‌تى پلاندانانى عێراقیش رایگه‌یاندووه‌ له‌ ساڵى 2020 سه‌رژمێرى گشتیى ئه‌نجامده‌ده‌ن.

به‌پێى ئاماره‌كانى وه‌زاره‌تى پلاندانانى عێراق رێژه‌ى دانیشتوان له‌ عێراق له‌ ساڵى 2003،  25 ملیۆن 627 هه‌زار 362 كه‌س بووه‌، له‌و رێژه‌یه‌ش چوار ملیۆن و 864 هه‌زار و 241 كه‌س له‌ هه‌رێمى كوردستان بووه‌، به‌ڵام له‌ كۆتاییه‌كانى ساڵى 2017 رێژه‌ى دانیشتوان له‌ عێراق بۆته‌ 37 ملیۆن و 139 هه‌زار و 519 كه‌س، له‌و رێژه‌یه‌ش 5 ملیۆن و 755 هه‌زار و 43 كه‌سیان له‌ هه‌رێمى كوردستانن، هه‌ر به‌پێى ئاماره‌كان زیادبوونى رێژه‌ى دانیشتوانى عێراق به‌ به‌راورد به‌ هه‌رێمى كوردستان له‌ماوه‌ى ئه‌و 15 ساڵه‌دا زۆر زیاتر بووه‌.

هه‌رچه‌نده‌ له‌ ساڵى 2003-ه‌وه‌ پشكى كورد له‌ بودجه‌ى عێراق له‌سه‌ر بنه‌ماى رێژه‌ى دانیشتوان به‌ 17% ده‌خه‌مڵێندرا، به‌ڵام شاره‌زایه‌كى بوارى سه‌رژمێرى ئاشكرایده‌كات، رێژه‌ى دانیشتوانى هه‌رێم له‌ئێستادا بۆته‌ له‌ 15%.

د. سامى خزر، پسپۆرى بوارى ئامار و سه‌رژمێرى به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند، له‌ ساڵى 2003 رێژه‌ى دانیشتوانى هه‌رێم له‌ 18%ه‌ى عێراق بووه‌، به‌ڵام ئێستا له‌ ئه‌نجامى وردبوونه‌وه‌ له‌ داتا و ئاماره‌كان رێژه‌كه‌ بۆته‌ 15.4%، ئه‌وه‌ش به‌پێى داتاكانى به‌رپرسانى وه‌زاره‌تى پلاندانانى عێراق.

وتیشى، به‌پێى پێشبینییه‌كانى وه‌زاره‌تى پلاندانانى عێراق رێژه‌ى دانیشتوان عێراق له‌ ساڵى 2022، 43 ملیۆن و 17 هه‌زار كه‌س تێپه‌ڕده‌كات، هه‌رێمى كوردستانیش ده‌بێته‌ شه‌ش ملیۆن و 445 هه‌زار كه‌س، به‌مه‌ش رێژه‌ى دانیشتوانى هه‌رێم بۆ له‌ 14.9%ى كۆى دانیشتوانى عێراق كه‌مده‌بێته‌وه‌.

له‌ خولى یه‌كه‌مى په‌رله‌مانى عێراق له‌ ساڵى 2005، رێژه‌ى كورسییه‌كانى كورد له‌ كۆى 275 كورسى 58 كورسى بوو، له‌ خولى دووه‌م له‌ ساڵى 2010 سه‌ره‌ڕاى زیادكردنى كورسییه‌كان بۆ 325 ژماره‌ی كورسییه‌كانى بووه‌ 57، له‌ ساڵى 2014 له‌ كۆى 328 كورسى كورد 61 كورسى هه‌بووه‌، له‌ ساڵى 2018 له‌ كۆى 328 كورسى به‌پێى پێشبینییه‌كان ژماره‌ى كورسییه‌كانى ده‌بێته‌ 59 كورسى.

سامى خزر، ئاماژه‌به‌وه‌شده‌كات، به‌پێى پێشبینییه‌كان له‌گه‌ڵ زیادبوونى ژماره‌ى كورسییه‌كان له‌ ساڵى 2022 له‌ 328 كورسى بۆ 430 كورسى، ئه‌وكات ژماره‌ى كورسییه‌كانى كورد له‌ 64 كورسى تێپه‌ڕناكات به‌هۆى ئه‌و گه‌شه‌ خێرایه‌ى له‌ رێژه‌ى دانیشتوانى پارێزگاكانى دیكه‌ى عێراق رووده‌دات، ئه‌مه‌ش هه‌ڕه‌شه‌یه‌ له‌سه‌ر پێگه‌ى كورد له‌ په‌رله‌مان عێراق.

به‌پێى ئاماره‌كانى وه‌زاره‌تى پلاندانانى حكومه‌تى هه‌رێم گه‌شه‌ى دانیشتوان له‌ ساڵى 2006 له‌ هه‌رێمى كوردستان 3.8% بووه‌، به‌ڵام له‌گه‌ڵ گه‌شه‌كردنى ئابوورى له‌ ساڵى 2010 بۆته‌ 2.8، له‌ ساڵى 2011 و 2012 بۆته‌ 2.7 له‌ ساڵى 2013 بۆته‌ 2.6، له‌  كۆتاییه‌كانى ساڵى 2017 بۆته‌ 2.5، پێشبینیشده‌كرێت رێژه‌كه‌ بۆ ساڵى 2020 ببێته‌ 2.2، له‌كاتێكدا رێژه‌ى دانیشتوان له‌ عێراق له‌ئێستادا بۆته‌ 2.6، له‌ ساڵانى رابردووش 3% بووه‌.

هه‌ر به‌پێى ئاماره‌كان رێژه‌ى منداڵبوون له‌ هه‌رێمى كوردستان به‌ به‌راورد به‌ چوار ساڵى رابردوو رووى له‌ كه‌مبوونه‌وه‌ كردووه‌ به‌شێوه‌یه‌ك له‌ ساڵى 2014 ژماره‌ى له‌دایكبوون 181 هه‌زار منداڵ بووه‌، به‌ڵام له‌ ساڵى 2017 ئه‌و ژماره‌یه‌ كه‌مبۆته‌وه‌ بۆ 165 هه‌زار.

به‌پێى ئاماره‌كانیش له‌ كه‌مبوونه‌وه‌ى رێژه‌ى منداڵ پارێزگاى سلێمانى له‌ پله‌ى یه‌كه‌مدایه‌ و هه‌ولێریش له‌ دواى دێت، به‌ پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ له‌ پارێزگاى دهۆك رێژه‌كه‌ زیادیكردوه‌.

هه‌ر به‌پێى ئاماره‌كانى وه‌زاره‌تى پلاندانانى عێراق ساڵانه‌ له‌ عێراق زیاتر له‌ 850 هه‌زار كه‌س زیاد ده‌كات.

سیروان محه‌مه‌د، سه‌رۆكى ده‌سته‌ى ئامارى هه‌رێمى كوردستان بۆ دواڕۆژ وتى، ئه‌و رێژه‌ى دانیشتوانى هه‌رێمى كوردستان به‌پێى پێشبینییه‌كانى ده‌سته‌ى ئاماره‌ بۆ ساڵى 2018 به‌بێ بوونى ژماره‌ى ئاواره‌ و په‌نابه‌ره‌كانى هه‌رێم.

ئاماژه‌شى به‌وه‌كرد، ماوه‌ى چه‌ند ساڵێكه‌ گه‌شه‌كردنى رێژه‌ى نێر و مێ له‌ هه‌رێمى كوردستان و عێراق له‌ یه‌ك ئاستدایه‌ و ئه‌و دوو ره‌گه‌زه‌ وه‌ك یه‌ك له‌ گه‌شه‌كردندان.

سه‌رۆكى ده‌سته‌ى ئامار ئاشكراشیكرد، رێژه‌ى گه‌شه‌كردنى دانیشوانى هه‌رێم به‌ره‌و كه‌مبوونه‌وه‌یه‌ به‌هۆى شێوازه‌كانى رێكخستنه‌وه‌ى ژیان و نه‌پیتاندنى هێلكه‌ له‌لایه‌ن ئافره‌تان و كه‌مكردنه‌وه‌ى منداڵى دووه‌م.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure