كه‌مى پاره‌ هه‌ڕه‌شه‌ى داخستن له‌ هه‌ندێك ناوه‌ندى ته‌ندروستى ده‌كات

هەواڵ / عێراق :: 23/07/2018‌ :: 287‌ جار بینراوە

دواڕۆژ
نێرده‌ى نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ عێراق (یونامى) رایدەگەیەنێت، مەترسی داخستن لەسەر ئەو ناوەندە تەندروستیانە هەیە کە خزمەت بە نزیکەی یەک ملیۆن ئاوەرە دەگەیەنن، دەڵێت "هۆکارەکەی کەمبوونەوەی هاوکارییە داراییەکانە".


نێرده‌ى نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ راپۆرتێكدا ئەوەی خستووەتەڕوو "چوار كۆمپانیاى ته‌ندروستى (كۆمه‌ڵه‌ى ته‌ندروستى كه‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان سەرپەرشتی دەکات) ئەمساڵ 22 ناوەندی ته‌ندروستیان به‌هۆى كه‌مى پاره‌وه‌ داخستووه‌".

هێما بۆ ئەوەشدەکات "ئه‌و داخستنه‌ كه‌لێنى گه‌وره‌ى له‌ پرۆسه‌ى دابینكردنى چاودێرى ته‌ندورستى بۆ منداڵان و ژنان و پیاوانى ئاواره‌ و ئه‌وانه‌ى گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ بۆ ناوچه‌كانیان دروستكردووه‌، له‌و ناوچانه‌ى ژێرخانیان كاول بووه‌".

رونیشیکردووەتەوە "له‌ كۆى ئه‌و ناوه‌نده‌ ته‌ندروستییانه‌ى 9 كۆمپانیا پاڵپشتییان ده‌كات، 38% یان مه‌ترسى داخستنیان لێده‌كرێت له‌ كۆتایى مانگى ته‌مموزدا، ئه‌و داخستنه‌ش مه‌ترسى بڵاوبوونه‌وه‌ى نه‌خۆشى زیاتر ده‌كات و ئه‌و هه‌وڵانه‌ى بۆ باشبوونى ناوچه‌كه‌ دراوه‌ پاشه‌كشه‌ ده‌كه‌ن".

راپۆرته‌كه‌ی یۆنامی ده‌شڵێت "ناوه‌نده‌ ته‌ندروستییه‌كان له‌ ئێستادا خزمه‌تگوزارى به‌ 900 هه‌زار ئاواره‌ى عێراقى له‌ كامپه‌كاندا پێشكه‌ش ده‌كه‌ن، بۆ چاره‌سه‌ركردنى نه‌خۆشییه‌ بڵاوه‌كان و خزمه‌تگوزارى ژنان و كوتانى منداڵان و پشكنینى خۆراك و هه‌واڵه‌كردنى حاڵه‌تى ته‌ندروستى ئاڵۆز بۆ وه‌رگرتنى چاره‌سه‌ر".

نێرده‌ى نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ عێراق، ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات، ته‌نیا 8،4 ملیۆن دۆلار كۆكراوه‌ته‌وه‌ بۆ ئەو ناوەندە تەندروستیانە، ئەوەش لە کاتێکدایە کۆمپانیا تەندروستییەکان پێویستیان بە  54 ملیۆن دۆلارە بۆ بەڕێوەبردنی کارەکانیان.

 



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure