ئەمساڵ کۆچکردنی هاووڵاتیان بۆ دەرەوەی وڵات 15% کەمیکردووە

هەواڵ / کوردستان :: 23/07/2018‌ :: 282‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، هانا چۆمانی
سەرۆکی فیدراسیۆنی پەنابەرانی عێراقی رایدەگەیەنێت، بەپێی بەدواداچوون و زانیارییەکانان رێژەی کۆچکردن لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا بەرێژەی 15% کەمیکردووە، ئەوەش بەهۆی توندی و سەختی رێگای گەیشتن بە ئەوروپا و نەمانی داعش و نەدانی مافی پەنابەری و کۆمەڵێک هۆکاری تر.


ئاری جەلال، سەرۆکی گشتی فیدراسیۆنی سەرانسەری پەنابەرانی عێراق لەھەرێمی کوردستان بە دواڕۆژی راگەیاند، بەهۆی سەختی رێگای گەیشتن بە ئەوروپا و رێکكەوتنی تورکیا و وڵاتانی ئەوروپا و زیادبوونی پۆلیسی دەریاوانی وڵاتانی ئەوروپا و بەستنی سنورەکانی ئەوروپا کۆچکردن لە عێراق و هەرێمی کوردستان بەرەو ئەوروپا بەردەوام لە کەمبوونەوەدایەو ئەمساڵیش بەبەراورد بە ساڵی رابردوو نزیکەی 15% کۆچکردن کەمیکردوە".

وتیشی "بەپێی ئامار و بەدواداچوونەکانی فیدراسیۆنەکەمان لەماوەی شەش مانگی ئەمساڵ ڕێژەی کۆچ لەعێراقەوە بۆ وڵاتانی دەرەوە کەمیکردووە، چونکە ساڵی رابردوو لە شەش مانگی یەکەم ٣٦ ھەزار و ٣٠٠ کەس کۆچیان کردبوو، بەڵام لە ٦ مانگی سەرەتای ساڵی ٢٠١٨ تەنیا ٢٣ ھەزارو ٧٠٠ کەس کۆچیانکردووە، بەوەش دەردەکەوێت رێژەی کۆچکردن کەمیکردووە".

رونیشیکردەوە، نەدانی مافی پەنابەری و رەتکردنەوەی وەرگرتنی پەنابەر لەلایەن کۆمەڵێک وڵاتی ئەوروپا، گرتن و هەڕەشەو مەترسی رێگای ئاویی و وشکانیی، نەمانی داعش و هێوربوونەوەی بارودۆخی عێراق تارادەیەک هۆکاری ترن بۆ کەمبوونەوەی کۆچی هاووڵاتیان بۆ دەرەوە".



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure