گه‌رمیان: تووشبوانی شێرپه‌نجه‌ نزیكه‌ی 160 كیلۆمه‌تر ده‌بڕن بۆ وه‌رگرتنی چاره‌سه‌ر

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 24/07/2018‌ :: 668‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، سیروان حه‌سه‌ن 
به‌ پێى ئاماره‌كان نه‌خۆشى شێرپه‌نجه‌ له‌ سنورى گه‌رمیان تادێت ڕوو له‌ زیادبوونه‌ و تووشبوانى ئه‌و نه‌خۆشیه‌ش نیگه‌رانى ده‌رده‌بڕن له‌وه‌ى ده‌بێت بۆ چاره‌سه‌ر به‌ به‌رده‌وامى هاتووچۆى سلێمانى و هه‌ولێر بكه‌ن. 

ئاسكه‌ فه‌تاح، هاوڵاتیه‌كى ته‌مه‌ن 55 ساڵ دانیشتووى شارى كه‌لار به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند؛ ماوه‌ى حه‌وت ساڵه‌ به‌هۆى نه‌خۆشى شێرپه‌نجه‌وه‌ هاتووچۆى سلێمانى ده‌كه‌ن، كه‌ به‌ راستى هاتووچۆكردن له‌ كه‌لاره‌وه‌ بۆ سلێمانى بۆ كه‌سێكى نه‌خۆش زۆر ئه‌سته‌م و ناله‌باره‌.
 
وتیشى، زۆرجار لێره‌وه‌ سه‌ردانى سلێمانیان كردووه‌، به‌ڵام ده‌رمان نه‌بووه‌، ناچار دواى چه‌ند ڕۆژێكى تر دیسانه‌وه‌ سه‌ردانى سلێمانیان كردوه‌ته‌وه‌ و "ئێمه‌ له‌ كاتێكدا نه‌خۆشین پێویسته‌ چاودێرى ورد بكرێین و داو ده‌رمان و پزیشكمان بۆ دابین بكرێت، به‌ڵام به‌ داخه‌وه‌ ئه‌ركیان قورستركراوه‌". 

دووری نێوان ناوچه‌ی گه‌رمیان (كفری، كه‌لار، خانه‌قین) - سلێمانی نزیکەی 160 كیلۆمه‌تره‌و نێوانی ئه‌و ناوچه‌یه‌و پارێزگای هه‌ولیریش زیاتر له‌ 300 كیلۆمه‌تره‌.

سابیر سه‌عدوڵا باوكى نه‌خۆشێكى تووشبوو به‌ شێرپه‌نجه‌ به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند؛ له‌ كه‌لار و گه‌رمیان هیچ نه‌خۆشخانه‌و پزیشێكى تایبه‌ت به‌ نه‌خۆشیى شێرپه‌نجه‌ نییه‌، كه‌ خراپترین جۆرى نه‌خۆشییه‌كانه‌ و تووشبووان ده‌بێت به‌به‌رده‌وامى هاتووچۆى پزیشك و نه‌خۆشخانه‌ بكه‌ن بۆ پشكنین و وه‌رگرتنى چاره‌سه‌ر.

سابیر، كه‌ ته‌مه‌نى 57 حاڵه‌و كاسبكاره‌ وتیشى، بۆ چاره‌سه‌رى كوڕه‌كه‌ى ده‌بێت سه‌ردانى سلێمانى و هه‌ولێر بكه‌ن ئه‌وه‌ش بۆ ئه‌وان زۆر قورس و زه‌حمه‌ته‌، چونكه‌ مه‌ترسى رێگاوبانه‌كان له‌لایه‌ك و پێویستى و تێچووى ماددى له‌ لایه‌كى تره‌وه‌ كاریگه‌رى زۆرى ده‌بێت له‌سه‌ریان. 

ئه‌و باوكه‌ داواى له‌ حكوومه‌ت و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان كرد هه‌وڵێك بده‌ن بۆ كردنه‌وه‌ى نه‌خۆشخانه‌ى تایبه‌ت به‌ شێرپه‌نجه‌ له‌ گه‌رمیان بۆ ئه‌وه‌ى تووشبوان و كه‌سوكاره‌كانیشیان ڕزگاریان بێت له‌ هاتووچۆ كردن. 

هه‌ر له‌مباره‌یه‌وه‌ عه‌دنان قوربانى ئه‌ندامى رێكخراوى زریان بۆ رووبه‌روبونه‌وه‌ى  نه‌خۆشى شێرپه‌نجه‌ چالاكى مه‌ده‌نى له‌ گه‌رمیان به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند؛ نایانه‌وێت هاووڵاتیان بترسێنن، به‌ڵام به‌ پێى ئه‌و ئامارانه‌ى له‌ به‌رده‌ستیاندایه‌ نه‌خۆشى شێرپه‌نجى تادێت ڕوو له‌ زیادبوون ده‌كات له‌ گه‌رمیان له‌ ماوه‌ى شه‌ش مانگ كه‌ رێكخراوه‌كه‌یان دامه‌رزاوه‌ ژماره‌یه‌كى زۆر ناوخۆیان تۆماركردووه‌.
 
وتیشى، رێكخراوه‌كه‌یان له‌ هه‌وڵدان له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان بۆ ئه‌وه‌ى بتوانرێت نه‌خۆشخانه‌ و پزیشكى تایبه‌ت به‌ تووشبووانى شێرپه‌نجه‌ بهێندرێنه‌ گه‌رمیان چونكه‌ ناوچه‌یه‌كى فراوانى وه‌ك گه‌رمیان پێویستى به‌ نه‌خۆشخانه‌ى له‌و جۆره‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ى خزمه‌ت به‌ نه‌خۆشه‌كان بكه‌ن و هاوكات ببێته‌ كار ئاسانى بۆ كه‌سوكاریان. 

عه‌دنان قوربانى راشیگه‌یاند، هاوكات داوایان له‌ حكوومه‌ت كردووه‌ پلانى هه‌بێت بۆ رووبه‌روبونه‌وه‌ى شێرپه‌نجه‌ و هۆكاره‌كانى زیادبوونى چونكه‌ ناكرێت به‌مشێوه‌ى ئێستا ته‌شه‌نه‌ بكات و كه‌ زیانى زۆرى ده‌بێت بۆ هه‌موو كۆمه‌ڵگا. 

د. سیروان محه‌ممه‌د به‌رێوه‌به‌رى گشتى ته‌ندروستى گه‌رمیان به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند؛ تا ئێستا له‌ سنوورى نه‌خۆشخانه‌كانى گه‌رمیان هیچ به‌شێكى تایبه‌ت به‌ نه‌خۆشى شێرپه‌نجه‌ نییه‌ و تووشبوان ناچار ده‌بن سه‌ردانى سلێمانى و هه‌ولێر بكه‌ن. 

وتیشى، وه‌كو ته‌ندروستى گشتى گه‌رمیان ئاماده‌ن به‌ دابینكردنى شوێن و ئامێرو تاقیگه‌ى پشكنین و هه‌ر هاوكارییه‌كى دیكه‌ى له‌ توانیاندا بێت بیكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌و به‌شه‌ له‌ گه‌رمیان بگرێته‌وه‌، به‌ڵام به‌ مه‌رجێك حكوومه‌تى هه‌رێم پزیشكى تایبه‌ت دابین بكات. 

له‌ گه‌رمیان جگه‌ له‌ تووشبوانى شێرپه‌نجه‌ زۆربه‌ى نه‌خۆشه‌ قورس و مه‌ترسیداره‌كانى دیكه‌ هاوشێوه‌ى برینداربوون و شكاوى و حاڵه‌ته‌ كتوپڕه‌كان له‌ فریاكه‌وتنى كه‌لاره‌وه‌ ڕه‌وانه‌ى سلێمانى ده‌كرێن و هیچ نه‌شته‌رگه‌رییه‌كى ئه‌وتۆ لێره‌ ئه‌نجام نادرێت. 



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure