دواڕۆژ ناوى ئه‌و كه‌سه‌ بڵاوده‌كاته‌وه‌ كه‌ ده‌كرێته‌ پارێزگارى نوێی هه‌ڵه‌بجه‌

هەواڵ / کوردستان :: 21/07/2018‌ :: 1629‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عه‌لى حه‌مه‌ سه‌عید
جێگرى لێپرسراوى مه‌ڵبه‌ندى شاره‌زوورى یه‌كێتى نیشتمانى كوردستان له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ ئاشكرایكرد، ئه‌مڕۆ سه‌ردانى مه‌كته‌بى سیاسى یه‌كێتى كردووه‌ به‌ مه‌به‌ستى یه‌كلاییكردنه‌وه‌ى پۆستى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ و دانانى كه‌سێك وه‌ك پارێزگار، هاوكات چانسى زیاتر بۆ (ئازاد تۆفیق) ئه‌ندامى مه‌كته‌بى ڕگه‌یاندنى یه‌كێتییه‌ ئه‌و پۆسته‌ وه‌ربگرێت.

ئه‌حمه‌د قه‌ده‌فه‌رى، جێگرى به‌رپرسى مه‌ڵبه‌ندى 9ى شاره‌زورى یه‌كێتى نشتیمانى كوردستان له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ به‌دواڕۆژى ڕاگه‌یاند "به‌مه‌به‌ستى یه‌كلاییكردنه‌وه‌ى پۆستى پارێزگارى هه‌ڵه‌بجه‌ ماوه‌ى چه‌ند مانگێكه‌ چوار ناومان ئاراسته‌ى مه‌كته‌بى سیاسى یه‌كێتى كردووه‌، بۆ ئه‌وه‌ى لاى خۆیانه‌وه‌ كه‌سێكیان هه‌ڵبژێرن و پۆستى پارێزگارى هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ فه‌رمى وه‌ربگرێت و چیتر ئه‌و پۆسته‌ به‌ شێوه‌ى وه‌كاله‌ت به‌ڕێوه‌نه‌برێت".

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، ناوى هه‌ریه‌كه‌ له‌ (عه‌لى عوسمان) پارێزگارى به‌وه‌كاله‌تى ئێستا و (ئازاد تۆفق) ئه‌ندامى مه‌كته‌بى ڕاگه‌یاندن و (عوسمان محه‌مه‌د) كارگێڕى مه‌ڵبه‌ندى هه‌ڵه‌بجه‌ و (سه‌عید سه‌ید قادر) به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى كاره‌باى هه‌ڵه‌بجه‌، ئاراسته‌ى مه‌كته‌بى سیاسى كراون، هه‌ر ئه‌مڕۆش سه‌ردانى مه‌كته‌بى سیاسیم كردووه‌ به‌مه‌به‌ستى به‌دواداچوون بۆ یه‌كلاییكردنه‌وه‌ى ئه‌و بابه‌ته‌، چونكه‌ ناكرێت له‌وه‌ زیاتر پۆستێكى گرنگ زیاد له‌ دوو ساڵه‌ به‌ وه‌كاله‌ت به‌ڕێوه‌ببرێت.

ئه‌و به‌رپرسه‌ى یه‌كێتى له‌ پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ ئه‌وه‌شى وت "هه‌رچه‌نده‌ ئه‌و چوار كاندیده‌ هیچ جیاوازیه‌كیان نییه‌ بۆ ئێمه‌ و هه‌مویان كه‌سانى دڵسۆزن، به‌ڵام له‌ ناو مه‌كته‌بى سیاسى چانسى زیاتر بۆ دانانى (ئازاد تۆفیق)ـه‌ وه‌ك پارێزگارى نوێى هه‌ڵه‌بجه‌ له‌م چه‌ند ڕۆژه‌شدا به‌ فه‌رمى ئه‌وه‌ یه‌كلاده‌بێته‌وه‌ و دواتر له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانه‌وه‌ فه‌رمانى ده‌ستبه‌كاربوونى بۆ ده‌ربچێت".



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure