كۆمسیۆن به‌ فه‌رمى وه‌ڵامى حكومه‌ت و په‌رله‌مان و ئه‌نجومه‌نى پارێزگاكان ده‌داته‌وه‌

هەواڵ / کوردستان :: 21/07/2018‌ :: 297‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، نوسینگه‌ى هه‌ولێر
كۆمسیۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردن و راپرسى هه‌رێم له‌ وه‌ڵامى ئه‌و لایه‌نانه‌ى داواى ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاكانیان كردبوو هاوكات له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مان رایده‌گه‌یه‌نێت، ناتوانن هه‌ردوو هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ له‌یه‌ك كاتدا ئه‌نجامبده‌ن.


له‌ماوه‌ى رابردوودا هه‌رسێ ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى هه‌ولێر و سلێمانى و دهۆك یاداشتێكیان له‌باره‌ى ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاكان له‌مساڵدا ئاڕاسته‌ى كۆمسیۆن و سه‌رۆكایه‌تى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان كردبوو.

دوابه‌دواى ئاراسته‌كردنى ئه‌و داواكارییه‌ش له‌ رێگه‌ى په‌رله‌مان  و حكومه‌ت بۆ كۆمسیۆن به‌مه‌به‌ستى ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردنه‌كانى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاكان له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان له‌ 30ى ئه‌یلول، ئه‌نجومه‌نى كۆمیساران له‌ یاداشتێكیدا رایگه‌یاندووه‌، ئه‌گه‌ر داوایه‌كى ئاوهایان لێبكرێت ئه‌وا پێویسته‌ هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان بۆ ماوه‌ى یه‌ك مانگ دوابخرێت.

به‌پێى یاداشته‌كه‌ى كۆمسیۆن، ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاكان له‌ 30ى ئه‌یلول پێویستى به‌ كات و ئاماده‌كارى ته‌كنیكى و ئیدارى و بودجه‌ هه‌یه‌، له‌ئێستاشدا هیچ یه‌كێك له‌و فاكته‌رانه‌ بوونى نییه‌، كۆمیسیۆنیش بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌ ئه‌نجامبدات پێویستى به‌ 90 بۆ 120 رۆژ هه‌یه‌.

عه‌باس محه‌مه‌د، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند  "هەرچەندە ئەنجومەنه‌كان بە نووسراو سەرۆکایەتی حکومەت و پەرلەمانی كوردستانیان لە تەواوبوونی ماوەی کارکردنیان ئاگادارکردەوه، بەڵام نه‌ كۆمسیۆن و نه‌ لایه‌نى حكومه‌ت و په‌رله‌مان پێیان باش نه‌بووه‌ ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌ بكرێت".

وتیشى "کۆمسیۆن ئامادەیى نه‌بووه‌ کە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان ئه‌نجامبدرێت".

هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە 30ى نیسانى 2014 ئەنجامدرا و دوای چوار ساڵ و لە 30ى نیسانی ئەمساڵ ماوەی ئەو خولە کۆتایی هات. 

به‌پێى یاساى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاكان كه‌ له‌ ساڵى 2009 ده‌چووه‌، پێویسته‌ له‌ ماوه‌ى تێپه‌ڕبوونى 90 رۆژ به‌سه‌ر ته‌مه‌نى ئه‌نجومه‌ن واده‌ى هه‌ڵبژاردن دیاریبكرێت، یاخود بڕیار له‌سه‌ر درێژكردنه‌وه‌ى بدرێت.

پێشتریش ئیسماعیل خورماڵى، بڕیارده‌رى كۆمسیۆنى هه‌ڵبژاردن و راپرسى به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند، كۆمسیۆن ناتوانى هه‌ردوو هه‌ڵبژاردنه‌كان به‌یه‌وه‌كه‌ ئه‌نجامبدات.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure