رێژه‌ی ده‌نگده‌رانی پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ زیاد ده‌كات

هەواڵ / کوردستان :: 20/07/2018‌ :: 490‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عه‌لى حه‌مه‌ سه‌عید
به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى ئۆفیسى هه‌ڵه‌بجه‌ى كۆمیسیۆنى هه‌ڵبژاردن و ڕاپرسى هه‌رێم ئاشكرایكرد، بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانى 30ى ئه‌یلول ده‌نگى ده‌نگده‌رانى ناحیه‌ى به‌مۆ له‌سه‌ر پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ ئه‌ژمار ده‌كرێن كه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانى پێشووی هه‌رێمی كوردستان و عێراق ده‌نگه‌كانیان له‌ سه‌ر ئیداره‌ى گه‌رمیان و پارێزگاى سلێمانى بووه‌.

حه‌مه‌سه‌عید ئه‌حمه‌د، به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى ئۆفیسى هه‌ڵه‌بجه‌ى كۆمیسیۆنى هه‌ڵبژاردن و ڕاپرسى هه‌رێم به‌ دواڕۆژى ڕاگه‌یاند "بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانى داهاتووى په‌رله‌مانى كوردستان كه‌ وا بڕیاره‌ له‌ 30/9/2018 به‌ڕێوه‌بچێت ده‌نگى ده‌نگده‌رانى سنورى ناحیه‌ى به‌مۆ به‌ گونده‌كانى ده‌وروبه‌ریشیه‌وه‌ ده‌خرێنه‌سه‌ر پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ كه‌ ئه‌مه‌ بۆ یه‌كه‌مجاره‌ ده‌نگى دانیشتوانى ئه‌و ناحیه‌یه‌ لە هه‌ڵه‌بجه‌ ئه‌ژمار بكرێت".

ئه‌وه‌شى ڕونكرده‌وه‌، به‌هۆى ئه‌وه‌ى ئێستا كارمه‌نده‌كانمان به‌ هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ فه‌رمانگه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانى ناحیه‌ى به‌مۆ سه‌رقاڵى كۆكردنه‌وه‌ى فۆڕمى خۆراكى دانیشتووانى سنوره‌كه‌ن، به‌ دیاریكراوى نازانین چه‌ند كه‌س مافى ده‌نگدانیان هه‌یه‌ له‌ سنوره‌كه‌دا، به‌ڵام بێگومان به‌ هه‌زاران ده‌نگ بۆ ڕێژه‌ى گشتى ده‌نگه‌كانى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ زیادده‌كات.

به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى ئۆفیسى هه‌ڵه‌بجه‌ى كۆمیسیۆنى هه‌ڵبژاردن و ڕاپرسى هه‌رێم ئه‌وه‌شى وت "بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانى  30ى ئه‌یلول، له‌ سنورى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ زیاتر له‌ 70 هه‌زار هاووڵاتى مافى ده‌نگدانیان هه‌یه‌و هه‌ر له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ش پرۆسه‌ى جیاكردنه‌وه‌و ئه‌ژماركردنى ده‌نگه‌كان به‌ڕێوه‌ده‌چێت".



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure