بۆنە ناخۆشەكەی هەولێر سەرهەڵدەداتەوە

هەواڵ / کوردستان :: 20/07/2018‌ :: 1825‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، ئاوارە حەمید
بۆنە ناخۆشەكەی هەولێر دەستیپێكردووه‌ته‌وه‌و هاووڵاتیان هەراسان بوون و ژینگەی هەولێریش دەڵێت "لەگەڵ دەستپێكردنەوەی بۆنەكە دەستمان بە دواداچوون كردوە".

دوای چەندینجار لە بڵاوبوونەوەی بۆنێكی ناخۆش لە شاری هەولێر لە ئێستادا بۆنە ناخۆشەكە جارێكی تر بڵاوبووه‌تەوە كە لە شێوەی بۆنی غازی ماڵاندایە.

چەند هاووڵاتیەك له‌ گەڕەكەكانی ژیان، هاوكاری، هەڤاڵان، پێنجی حەسارۆك و ئازادی بە دواڕۆژیان راگەیاند "لە ئێستادا دیسانه‌وه‌ بۆنە ناخۆشەكە بڵاوبووه‌تەوەو هەراسانی كردووین".

ئەو هاووڵاتیانە لە رێگەی دواڕۆژەوە داوایان كرد لایەنە پەیوەندارەكان بەدواداچوون بكەن بۆ چارەسەركردنی ئەو بۆنە ناخۆشە، چونكە سەرەڕای بۆنی ناخۆش، هاووڵاتیان ترسیان لە نەخۆش كەوتنیان هەیە بەهۆی ئەو بۆنه‌وه‌.

لە بەرامبەردا ئەنوەر محەمەد، بەرپرسی هۆبەی پشكنین و چاودێری لە بەڕێوەبەرایەتی دەستەی پاراستن و ژینگەی هەولێر بە دواڕۆژی راگەیاند "ئێمەش ئاگاركراینەوە بە بڵاوبوونەوەی بۆنە ناخۆشەكەی هەولێر و بەدواداچوونیش دەكەین".

وتیشی، "پێشتر بەدواداچوونمان كرد، دەركەوت كە بەشێك لە مۆلیدەكانی ناو هەولێر گازێكی كوالێتی خراپ بەكاردەهێن و بوونی ژمارەیەك زۆر پاڵاوگەی نایاسایی لە دەوروبەری هەولێر كە فلتەر بەكارناهێنن و مەرجی پێویستیان تێدا نییە هۆكارن بۆ بڵاوبوونەوەی ئەو بۆنە ناخۆشە".

پێشتر نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی قەزای ناوەندی هەولێر بە دواڕۆژی راگەیاندبوو "دەستكراوە بە داخستنی پاڵاوگە نایاساییه‌كان و ژمارەیەكیشان داخراون".



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە