"ئه‌مریكا به‌چه‌ند شێوه‌یه‌ك هاوكارى حكومه‌تى هه‌رێم ده‌كات"

هەواڵ / کوردستان :: 19/07/2018‌ :: 973‌ جار بینراوە

تاگ :: كوردستانى

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار
وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریكا له‌ڕێگه‌ی دوو دامه‌زراوه‌ى تایبه‌ته‌وه‌ هاوكارى وه‌زاره‌تى شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوانى هه‌رێم ده‌كات بۆ چاره‌سه‌ركردنى بریندارانى چه‌كى كیمیایى و دامەزراندنی تاقیگەی DNA بۆ ناسینەوەی روفاته‌كان و چاره‌سه‌ركردنى ئه‌و كه‌سانه‌ى تووشى نه‌خۆشى ده‌روونى بوون.


ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 19ى ته‌مموز، شاندێكى وه‌زاره‌تى کاروباری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراونى هه‌رێمى كوردستان به‌سه‌رۆكایه‌تى مەحمود حاجى ساڵح، وه‌زیرى شه‌هیدان له‌گه‌ڵ به‌رپرسانى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریكا و هه‌ردوو دامه‌زراوه‌ى USAID  و ICMP  كۆبۆوه‌.

دواى كۆبوونه‌وه‌كه‌، وه‌زاره‌تى کاروباری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوانى هه‌رێم له‌ راگه‌یاندراوێكدا ئاماژه‌ى به‌وه‌كرد، له‌كۆبوونه‌وه‌ى شانده‌كه‌ى هه‌رێم له‌گه‌ڵ به‌رپرسانى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریكا و هه‌ردوو دامه‌زراوه‌ى USAID  و ICMP وەزیری کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوان داوای ھاوکاری کردووە بۆ:


1. دامەزراندنی تاقیگەی DNA بۆ ناسینەوەی ئەو روفاتانەی کە تا ئێستا نەناسێنروان بە کەسوکارەکانیان.


2. دابینکردنی سەنتەری تایبەت بە چارەسەرکردنی حاڵەتە دەرونییەکان ئەوانەی بە ھۆکاری جیاجیا لە کاتی بە دیلگرتن و رزگاربوونیان لە دەستی داعش تووشی حاڵەتی دەروونی ناخۆش ھاتوون.


3. چارەسەرکردنی بریندارانی چەکی کیمیاوی لە ھەڵەبجە و شوێنەکانی تر و ناردنی تیمی پسپۆڕ بۆ ھەرێم و مانەویان بۆ ماوەیەکی دیاریکراو.


4. ھاوکاریکردنی وەزارەتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوان لەڕووی تەکنیکی بۆ دامەزراندنی سیستەمێکی ئەلیکترۆنی بۆ بەرەوپێشبردنی کارەکان و بەستنەوەی دامەزراوەکانی وەزارەت بە شێوازێکی پێشکەوتوو. 

به‌پێى راگه‌یاندراوه‌كه‌ى وه‌زاره‌تى کاروباری شه‌هیدان، ھاڵ فەرگسۆن، یاریدەدەری کارگێڕی دامەزراوەی USAID به‌ شانده‌كه‌ى هه‌رێمى راگه‌یاندووه‌، لەماوەیەکی کەمدا ستافی USAID کە ئۆفیسی ھەرێمی کوردستانیان لەناو کۆنسوڵخانەی ئەمریکادایە لەھەولێر، ژمارەیان زیاد دەکەن و لەگەڵ وەزارەت لەسەر ھێڵ دەبن بۆ ھاوکاریکردن و جێبەجێکردنی داواکارییەکان.

هاوكات مایکل کۆزاک، یاریدەدەری وەزیر بە وەکالەت بۆ کاروباری دیموکراسی و مافی مرۆڤ و پیتەر شیا بەڕێوەبەری کاروباری عێراق و سۆزان نۆتار لە نووسینگەی دادگەری نێودەوڵەتی تاوان و مایکل دەی لە ئۆفیسی کاروباری عێراق، به‌ڵێنیان به‌ شانده‌كه‌ى هه‌رێم داوه‌ كه‌ هاوكاریان بكه‌ن له‌ هه‌ڵدانه‌وه‌ى گۆڕه‌ به‌كۆمه‌ڵه‌كان و داخوازییه‌كانى ترى وه‌زاره‌ته‌كه‌.

هه‌ردوو دامه‌زراوه‌ى USAID  و ICMP، ساڵانە لەلایەن حکومەتی ئەمریکا پاڵپشتی دارایی دەکرێن بۆ وڵاتانی ئاسیا و رۆژھەڵاتی ناوەڕاست لە گشت بوارەکاندا.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure