پەرلەمانی کوردستان لەسەر نەکردنەوەی رێگای هەولێر-کەرکوک دێتە دەنگ

هەواڵ / کوردستان :: 19/07/2018‌ :: 3687‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، هانا چۆمانی 
ئەندامێکی لیژنەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم رایدەگەیەنێت "داواکاری زۆر هەیە لەلایەن شۆفێران و کاسبکاران و دانیشتوانی ئەو ناوچانەی دەکەونە سەر رێگای هەولێر – کەرکوک، بۆ کردنەوەی رێگاکە و بەنوسراو داوایان لە پەرلەمانی کوردستان کردووە هەڵوێستی هەبێت".

ساڵح فەقێ ئەندامی لیژنه‌ی ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان، لە پەرلەمانی کوردستان، بە دواڕۆژی راگەیاند "وەک لیژنەکەمان کۆبوونەوەی تایبەتمان بەو بوارە کردووە و داواکاری و نوسراوەکانی هاوڵاتیان و ناڕەزایەتیی و سکاڵاکانیانمان بەدەست گەیشتووە، لەسەر نەکردنەوەی رێگای نێوان کەرکوک-هەولێر کە زیانی زۆری پێگەیاندوون بەتایبەت هاوڵاتیان و کاسبکار و بازرگانانی هەرێمی کوردستان".

سالح فەقێ وتیشی "لەکۆبوونەوەکەماندا بڕیاردرا نوسراوێك ئاڕاسته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانی كوردستان بكەین بۆئه‌وه‌ی پەرلەمانی کوردستان بەفەرمی بە نوسراوی تایبەت داوا لە حكومه‌تی بەغدا بکات بۆ کردنەوەی رێگاکە".

وتیشی "پەرلەمانی کوردستان دەیەوێت بەنوسراوی فەرمی داوابکات بە‌ڕێكاره‌ ده‌ستووری و یاساییه‌كان رێگه‌ی نێوان هه‌ولێر- كه‌ركوك بكرێته‌وه‌، چونکە جگە لەوەی ئاسته‌نگیی زۆری بۆ هاتووچۆی هاوڵاتییان دروستكردووه‌ و زیانی بۆ خەڵک هەیە، هاوکات رێگای هەولێر-کۆیە بۆتە مەترسی بۆ سەر شۆفێران بەهۆی قەرەباڵغی هاتووچۆ و رۆژ نییە کارەساتی لێنەکەوێتەوە".

هەفتەی رابردوو بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی كۆیە بەهەماهەنگیی هاتووچۆی هەولێر و قایمقامی هەولێر رایانگەیاند "بۆ كەمكردنەوەی فشارەكانی سەر ڕێگای هەولێر-کۆیە بڕیاریانداوە لە کاتژمێر ٦ی بەیانی تا ۸ی ئێوارە رێگە نەدرێت ئۆتۆمبێلـی بارهەڵگر بەڕێگاکەدا هاتووچۆ بکات".

لەوبارەیەوە زاهیر محەمەد، بەڕێوەبەری هاتووچۆی کۆیە، بەدواڕۆژی راگەیاند "لەماوی ٦ مانگی رابردوو زیاتر لە ١٣٠ رووداوی هاتووچۆ لەرێگای نێوان هەولێر - کۆیە رویانداوە كە زیاتر لە ١٠ کەس لەو رووداوانەدا گیانیان لەدەستداوە و ١٧٥ هاوڵاتیش برینداربوون".

وتیشی "بەهۆی نەکردنەوەی رێگای هەولێر - کەرکوک فشار و قەرەباڵغی زۆر لەسەر ئەم رێگایە هەیە و رێگاکەش زۆر بچوک و خراپە، چونکە بازرگانی هەولێر لەهەناردە بۆ کەرکوک و هاتووچۆی هەولێر بۆ سنوری سلێمانی و هاتووچۆی بارهەڵگرەکانی هەولێر بۆ کەرکوک و حاجی ئۆمەران بۆ کەرکوک هەمووی هەر لەڕێی کۆیەیە، بۆیە رووداوەکانی هاتووچۆ زۆرن باشترین هەنگاو یان دەستپێکردنەوەی پرۆژەی جوت سایدی کۆیەیە یان کردنەوەی رێگای کەرکوک هەولێر".



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure