حكومه‌ت رازییه‌و حه‌شد رێگه‌ نادات
گه‌ڕانه‌وه‌ى حزبه‌ كوردستانییه‌كان بۆ ناوچه‌ كێشه‌له‌سه‌ره‌كان

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 20/07/2018‌ :: 350‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، سیروان حه‌سه‌ن 
سه‌ره‌ڕاى ڕه‌زامه‌ندى حكومه‌تى عێراق، به‌ڵام چه‌كدارانى حه‌شدی شه‌عبى رێگث به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ى حزبه‌ كوردستانییه‌كان ناده‌ن بۆ ناحیه‌كانى سنورى خانه‌قین و به‌رێوه‌به‌رى ناحیه‌كه‌ش ده‌ڵێت "ئێمه‌ چۆڵمان نه‌كرد، بۆیه‌ توانیمان بمێنینه‌وه‌". 


له‌ دواى رووداوه‌كانى 16 ئۆكتبه‌ر و كشانه‌وه‌ى پێشمه‌رگه‌ له‌ كه‌ركوك و خورماتوو، له‌ 18ى ئۆكتۆبه‌ردا چه‌كدارانى حه‌شدی شه‌عبی و سوپاى عێراق له‌ سنورى خانه‌قین به‌ره‌و ناوچه‌كانى پێشمه‌رگه‌ پێشڕه‌ویان كرد و به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ ته‌واوى حزبه‌ كوردستانییه‌كان له‌ سنوورى ناحیه‌كانى خانه‌قین جگه‌ له‌ ناحیه‌ى جه‌باره‌، چوونه‌ ده‌ره‌وه‌و له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه‌ ناوچه‌كه‌یان به‌جێهێشت. 

محه‌مه‌د عومه‌ر به‌رپرسى كۆمیته‌ى یه‌كێتى له‌قه‌ره‌ته‌په‌ به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند "تاوه‌كو ئێستا وه‌كو یه‌كێتى نه‌ماتوانیوه‌ بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ ناو ناحیه‌كه‌، هۆكاره‌كه‌شى ئه‌وه‌یه‌ چه‌كدارانى حه‌شدى شه‌عبى ڕێگه‌ ناده‌ن بگه‌ڕێینه‌وه‌ سنوره‌كه‌، ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ پارێزگارى دیاله‌ به‌ نوسراوى فه‌رمى رێگه‌ى داوه‌ به‌ گه‌ڕانه‌وه‌مان". 

وتیشى "له‌ دواى رووداوه‌كانى 16ى ئۆكتۆبه‌ر له‌ سنورى قه‌ره‌ته‌په‌ باره‌گاكانى یه‌كێتى و پارتى كه‌وتوونه‌ته‌ ده‌ستى چه‌كدارانى حه‌شدی سه‌ر به‌ رێكخراوى به‌در و عه‌سائیب ئه‌هلى حه‌ق، هه‌رچه‌نده‌ بڕیارى حكومه‌تى عێراق و پارێزگارى دیاله‌ش هه‌یه‌ ڕاده‌ستیان بكرێنه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌و چه‌كدارانه‌ ئاماده‌نین باره‌گاكان بده‌نه‌وه‌".

محه‌مه‌د عومه‌ر راشیگه‌یاند، "وه‌كو یه‌كێتى چه‌ندجارێك هه‌وڵیانداوه‌، به‌ڵام ئه‌و چه‌كدارانه‌ هه‌رجاره‌و به‌ بیانوویه‌ك ڕه‌تیده‌كه‌نه‌وه‌ باره‌گاكانیان راده‌ستبكه‌نه‌وه‌و هاوكات ڕێگه‌ش ناده‌ن باره‌گاى دیكه‌ بكه‌نه‌وه‌و بگه‌ڕێنه‌وه‌".

ئه‌و به‌رپرسه‌ى یه‌كێتى باسى له‌وه‌شكرد، چه‌كدارانى حه‌شدى شه‌عبى له‌ هه‌رسێ ناحیه‌ى "قه‌ره‌ته‌په‌، جه‌له‌ولا، سه‌عدییه‌ى"ى سه‌ر به‌ خانه‌قین، هه‌روه‌ها ناحیه‌ى مه‌نده‌لى سه‌ر به‌ قه‌زاى به‌له‌دروز ڕێگه‌ به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ى حزبه‌ كوردستانییه‌كان ناده‌ن و ته‌نیا له‌ ناحیه‌ى جه‌باره‌ كۆمیته‌ى یه‌كێتى هه‌یه‌. 

هه‌رچه‌نده‌ له‌ ناحیه‌كانى سنورى خانه‌قین ڕێگه‌ به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ى حیزبه‌ كوردستانییه‌كان نه‌دراوه‌، به‌ تایبه‌تى یه‌كێتى كه‌ چه‌ند جارێك هه‌وڵیداوه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌، به‌ڵام له‌ خودى قه‌زاى خانه‌قین مه‌ڵبه‌ندى 8ى یه‌كێتى له‌ناو باره‌گاى خۆیاندان و ده‌وامى ئاسایى و چالاكییه‌ سیاسییه‌كانیان ئه‌نجامده‌ده‌ن. 

عادل عارف به‌رێوه‌به‌رى ناحیه‌ى جه‌باره‌ی سه‌ر به‌ خانه‌قین به‌ دواڕۆژى وت "له‌ 18ى ئۆكتۆبه‌رى 2017 له‌ كاتێكدا چه‌كدارانى حه‌شد و سوپاى عێراق به‌ره‌و سنووره‌كه‌ هاتن، ئاماده‌نه‌بوون ناحیه‌ى جه‌باره‌ چۆڵبكه‌ن، هاوكات كۆمیته‌ى یه‌كێتى له‌ جه‌باره‌ش له‌ شوێنى خۆیان مانه‌وه‌و هه‌تاوه‌كو ئێستا له‌ ناوچه‌كه‌داین و به‌رده‌وامین له‌ كاروبارى خۆمان و به‌رێوه‌بردنى ئیشوكارى هاووڵاتیان". 

وتیشى، "ئێمه‌ وه‌كو شوێنه‌كانى دیكه‌ ناوچه‌كه‌مان به‌جێنه‌هێشت، هه‌رچه‌نده‌ له‌ دواى هاتنى چه‌كدارانى حه‌شد و سوپاى عێراق ده‌یانجار بیانوومان پێده‌گیرا و ته‌نانه‌ت بۆ توڕه‌كردنمان ئاڵاى كوردستانیان داگرت و به‌ ئۆتۆمبێلى سه‌ربازى به‌ ده‌وروبه‌رى بیناى ناحیه‌ ده‌سوڕانه‌وه‌، به‌ڵام توانیمان خۆڕاگربین و له‌ رێگه‌ى په‌یوه‌ندییه‌كانمانه‌وه‌ گرفته‌كان تێپه‌ڕێنین و ئێستاش مانه‌وه‌مان له‌ سنووره‌كه‌ سودى زۆرى بۆ هاووڵاتیانى كوردى ناوچه‌كه‌ هه‌یه‌". 

ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو، ئه‌وانه‌ى ناوچه‌كانیان به‌جێهێشت له‌ ئێستادا ناتوانن بگه‌ڕێنه‌وه‌و به‌شێكى په‌یوه‌ندى به‌خۆیانه‌وه‌ هه‌یه‌و نه‌ده‌بوو له‌وكاته‌دا ناوچه‌كه‌ چۆڵبكه‌ن، چونكه‌ بارودۆخى ئه‌م ناوچانه‌ جیاوازتر بوون له‌ بارودۆخى دوزخورماتوو و سنووره‌كانى تر. 

له‌ ناوچه‌ جێناكۆكه‌كانى سنورى مادده‌ى 140 و به‌ تایبه‌تى له‌ سنورى ناحیه‌كان به‌ شێوه‌یه‌كى گشتى ته‌نها یه‌كێتى و پارتى باره‌گایان هه‌یه‌ و حیزبه‌ كوردستانیه‌كانى تر به‌شێكى زۆریان باره‌گایان نییه‌. 

هاوكات عامر ره‌فعه‌ت به‌رپرسى ناوچه‌ى پارتى له‌ سه‌عدییه‌ به‌ دواڕۆژى وت "وه‌كو پارتى تاوه‌كو ئێستا داومان نه‌كردووه‌ بگه‌ڕێینه‌وه‌، هه‌روه‌ها هه‌وڵ بۆ ئه‌وه‌ ناده‌ین بۆ یه‌ك ناوچه‌ و دوو ناوچه‌ یان به‌ شێوه‌ى پێوه‌رو مه‌رجدانان بگه‌ڕێینه‌وه‌ كه‌ چه‌ك و پاسه‌وانمان نه‌بێت، چونكه‌ ئه‌وه‌ى ده‌سه‌ڵاتى ئه‌و ناوچانه‌ی به‌ ده‌سته‌وه‌یه‌ حه‌شدى شه‌عبییه‌، هه‌رچه‌نده‌ به‌ ناو سوپاى عێراقه‌، به‌ڵام هه‌مووان ده‌زانین سوپاش له‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتى حه‌شددایه‌". 

وتیشى "دۆسیه‌ى گه‌ڕانه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌ و حیزبه‌ كوردستانییه‌كان دۆسییه‌كى سیاسییه‌ و له‌ ئاستى سه‌ركردایه‌تى كورده‌و وه‌كو پارتى كاتێك پێمان باشه‌ بگه‌ڕێینه‌وه‌ كه‌ پێشمه‌رگه‌مان له‌گه‌ڵدا بێت و به‌ شێوه‌یه‌كى تۆكمه‌ بگه‌ڕێینه‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی سوودی بۆ به‌رژه‌وه‌ندى گشتى هه‌بێت". 

به‌رپرسه‌كه‌ى پارتى ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو، ئێستا بارودۆخى ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان زۆر ئاڵۆزه‌ له‌ رووى ئه‌منی و سیاسى و ته‌نانه‌ت لایه‌نى ئیدارى و خزمه‌تگوزاریش ئاڵۆزتر بووه‌، بۆیه‌ ده‌بێت كار بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ى پێشمه‌رگه‌ و باره‌گا حزبه‌ییه‌كان بكرێت.

لاى خۆشیه‌وه‌ خه‌لیل خوداداد به‌رپرسى كۆمیته‌ى یه‌كێتى له‌ ناحیه‌ی جه‌لاه‌ولا به‌ دواڕۆژى وت "سێ باره‌گاى یه‌كێتى له‌ جه‌له‌ولا له‌ لایه‌ن حه‌شدى شه‌عبییه‌وه‌ داگیركراون و هه‌رچه‌نده‌ فه‌رمانى حكومه‌تى عێراقمان هه‌یه‌ ڕاده‌ستمان بكرێته‌وه‌، به‌ڵام تا ئێستا چه‌كدارانى حه‌شد له‌ سنووره‌كه‌ به‌ تایبه‌تى چه‌كدارانى عه‌ئاسیب ئه‌هلى حه‌ق و رێكخراوى به‌در ئاماده‌نین باره‌گاكانمان ڕاده‌ستبكه‌نه‌وه‌". 

له‌ دواى ڕووداوه‌كانى 16ى ئۆكتۆبه‌ر و كشانه‌وه‌ى پێشمه‌رگه‌ له‌ ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان به‌شێكى زۆرى باره‌گا حیزبه‌ییه‌كان له‌ لایه‌ن چه‌كدارانى حه‌شده‌وه‌ داگیركراون، هه‌رچه‌نده‌ له‌ سنورى خورماتوو رێگه‌ درا به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ى حزبه‌ كوردستانییه‌كان، به‌ڵام به‌و مه‌رجه‌ى چه‌كى قورس و له‌ چوار پاسه‌وان زیاتریان نه‌بێت له‌ناو باره‌گاكانیاندا.

 



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure