پەرلەمانی ئیسرائیل یاسای دەوڵەتی نەتەوەی جولەکە پەسەنددەکات

هەواڵ / جیهان :: 19/07/2018‌ :: 408‌ جار بینراوە

دواڕۆژ
پەرلەمانی ئیسرائیل (کنێست) یاسای (دەوڵەتی نەتەوەی جولەکە)ی پەسەندکرد کە ماوەیەکە مشتومڕێکی زۆری لەبارەوە دەکرێت. پەرلەمانتارانی عەرەب و فەلەستینی کە یاساکەیان بە (رەگەزپەرستی) ناوزەد کردووە و رایانگەیاند، جێبەجێکردنی ئەمپارتاید لە وڵاتەکەدا کرا بە یاسا.


رەشنوسی یاساکە کە لەلایەن پارتی لیکودی دەسەڵاتدارەوە سەرباری هەموو ناڕەزایەتیەکانی ئۆپۆزسیۆن خرابووە بەردەم پەرلەمان بەیانی ئەمڕۆ خرایە دەنگدانەوە.

رەشنوسی یاساکە لەبەرامبەر ٥٥ دەنگی (نەخێر) و ٦٢ دەنگی (بەڵێ) پەسەندکرا. دوو پەرلەمانتاریش دەنگیان نەدا.

بەگوێرەی یاساکە زمانی رەسمیی لە وڵاتەکەدا عیبریە و زمانی عەرەبیش پێگەیەکی تایبەتی پێدراوە.

لەبەرئەوەی ئیسرائیل دەستوری نیە (یاسا بنچینەییەکان) وەک دەستور ئەژماردەکرێت و بەو یاسایەش دەوڵەتی ئیسرائیل بە دەوڵەتی ئاینی-رەگەزیی دەناسرێنرێت.

پێشتر کە زمانی عەرەبی بە زمانی رەسمی ئەژماردەکرا، بەپێی یاسا نوێکە عیبری دەبێتە تاکە زمانی رەسمیی وڵاتەکە.

یەکێک لە بڕگەکانی دیکەی یاساکە دانبەوەدادەنێت کە ئیسرائیل تەنیا نیشتیمانی جولەکەکانە و ئاماژەی بۆ ئەوەشکردوە "تەنیا جولەکەکان مافی دیاریکردنی چارەنوسی خۆیان لە وڵاتەکەدا هەیە، ئیسرائیل وڵاتێکی جولەکەیە و نیشتیمانی مێژویی جولەکەکانە لە هەموو جیهاندا. لەکاتی بوونی هەر بۆشاییەکدا پەنا بۆ سەرچاوە شەرعیەکانی جولەکە دەبرێت. هەموو جولەکەکان لەجیهاندا مافی گەڕانەوەیان بۆ ئیسرائیل هەیە. رۆژە ئاینیەکانی جولەکە بە پشوی رەسمی ئەژماردەکرێن و پایتەختی ئیسرائیل قودسی یەکگرتووە".

لەدوای پەسەندکردنی یاساکە بنیامین نەتانیاهو، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل پەسەندکردنه‌كه‌ى بە خاڵی وەچەرخان بۆ وڵاتەکە لەقەڵەمدا و وێنەی یادگاری لەگەڵ ئەو پەرلەمانتارانە گرت کە بە (بەڵێ) دەنگیان بۆ یاساکە داوە.

وەرگێڕانی: کامەران ئەحمەد   



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure