ده‌رماڵه‌ی به‌شێك له‌ پۆلیس و كارمه‌ندانی ناوخۆ ده‌بڕدرێت

هەواڵ / کوردستانی :: 18/07/2018‌ :: 35742‌ جار بینراوە

تاگ :: كوردستانى

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار
وه‌زاره‌تی ناوخۆ ده‌رماڵه‌ی ئه‌و پۆلیسانه‌ دەبڕێت كه‌ ‌بڕوانامه‌كانیان پسپۆڕیی سه‌ربازیی نه‌بێت، ئه‌وانه‌شی كه‌ به‌بێ وه‌رگرتنی مۆڵه‌ت بڕوانامه‌یان هێناوه‌، به‌هه‌مانشێوه‌ ده‌رماڵه‌یان پێنادرێت.

به‌پێی بڕیارێكی وه‌زاره‌تی ناوخۆی هه‌رێم، ئه‌و پۆلیس و كارمه‌ندانه‌ی هێزه‌كانی ناوخۆ كه‌ بڕوانامه‌كانیان په‌یوه‌ندی به‌ سلكی سه‌ربازییه‌وه‌ نەبێ ده‌رماڵه‌ی بڕوانامه‌یان ده‌بڕدرێت، ئه‌وانه‌شی كه‌ به‌بێ مۆڵه‌ت بڕوانامه‌یان به‌ده‌ستهێناوه‌، ده‌رماڵه‌ی بڕوانامه‌یان پێنادرێت.

قادر ره‌زگه‌یی، بڕیارده‌ری‌ لیژنه‌ی‌ ئاسایش و ناوخۆ و ئه‌نجومه‌نه‌ خۆجێیه‌كانی په‌رله‌مانی‌ كوردستان به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند، له‌سه‌ر ئه‌و بڕیاره‌ په‌یوه‌ندیمان به‌ وه‌زاره‌تی ناوخۆوه‌ كردووه ‌و پێمانڕاگه‌یاندوون كه‌ پێویسته‌ كار به‌و بڕیاره‌ نه‌كرێت، چونكه‌ ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ پۆلیس و كارمه‌ندانی وه‌زاره‌تی ناوخۆ زه‌ره‌رمه‌ند ده‌بن".

وتیشی "مه‌رج نییه‌ هه‌رچی له‌سه‌ر میلاكی وه‌زاره‌تی ناوخۆ دامه‌زرابێت، پسپۆڕی له‌ بواری سه‌ربازی و ئه‌مه‌نیدا هه‌بێت، هه‌روه‌ها ئه‌وانه‌شی كه‌ مۆڵه‌تی پێنه‌دراوه‌، ده‌كرێت له‌ كۆلێژێكی ئێواران خوێندوویانه‌، واته‌ بڕینی ده‌رماڵه‌ی بڕوانامه‌ بۆ سه‌رجه‌م ئه‌و كارمه‌ندانه‌ی بڕیاره‌كه‌ ده‌یگرێته‌وه‌، عه‌داله‌تی تیادانییه ‌و ده‌بێت پێداچوونه‌وه‌ی تیابكرێت".

ئه‌و ئه‌ندامه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان، ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، جارێكی تر له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی وه‌زاره‌تی ناوخۆ گفتوگۆ ده‌كه‌ن و ده‌بێت "ئه‌و غه‌دره‌ له‌ پۆلیس و كارمه‌ندانی ناوخۆ رابگیرێت".



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure