به‌رپرسێكی یه‌كێتی: ئه‌گه‌ر داعش بنبڕنه‌كرێت مه‌ترسی گه‌وره‌ ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر كه‌ركوك

هەواڵ / کوردستان :: 19/07/2018‌ :: 640‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیماد جه‌باری
به‌رپرسێكی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان له‌كه‌ركوك هۆشداری ده‌دات لەپه‌ره‌سه‌ندنی چه‌كدارانی داعش له‌ناوچه‌كانی باشور و رۆژئاوای كه‌ركوك، ده‌شڵێت "مانه‌وه‌یان له‌ده‌وروبه‌ری كه‌ركوك مه‌ترسییه‌كی گه‌وره‌ له‌سه‌ر سه‌نته‌ری شاره‌كه‌ دروستده‌كات".


یاسین عیزه‌دین جێگری مه‌ڵبه‌ندی كه‌ركوكی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان به‌دواڕۆژی وت "جێگیربوونی هێزه‌ سه‌ربازییه‌كانی عێراق به‌ته‌نها له‌ڕێگا سه‌ره‌كییه‌كانی سنوری قه‌زای حه‌ویجه‌ و داقوق و دوبز، وایكردووه‌ چه‌كدارانی داعش په‌ره‌ بستێنن و له‌ناوچه‌ دووره ‌ده‌ست و شاخاوییه‌كاندا خۆیان رێكبخه‌نه‌وه‌، به‌تایبه‌ت زنجیره‌ چیای حه‌مرین و مه‌كحول كه‌ شا ده‌ماری ناوڕاستی عیراقن"‌.

وتیشی "ئه‌گه‌ر هێزه‌ سه‌ربازییه‌كانی عێراق ده‌ستپێشخه‌ری نه‌كه‌ن و هێرشه‌كانیان بۆ سه‌ر ئه‌و چه‌كدارانه‌ ده‌ستپێنه‌كه‌ن، ئه‌وه‌ مانه‌وه‌یان به‌م شێوه‌یه‌ی ئێستا مه‌ترسییه‌كی گه‌وره‌یه‌ بۆ سه‌ر چه‌ند پارێزگایه‌ك به‌تایبه‌تی سه‌نته‌ری شاری كه‌ركوك".

سه‌باره‌ت به‌و ناوچانه‌ی كه‌ به‌ته‌واوه‌تی له‌ژێر كۆنتڕۆڵی داعشدان، به‌رپرسه‌كه‌ی یه‌كێتی وتی "ده‌شتاییه‌كانی حه‌مرین له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌ كۆنتڕۆڵكراوه‌، ناوچه‌ چۆڵه‌كانی سێگۆشه‌ی نێوان تكریت، عوزێم و سلێمان بەگ به‌هه‌مان شێوه‌ داعش تێیدا باڵا ده‌سته‌ و دارستانه‌كانی نێوان حه‌ویجه‌ و زابیش هێشتا له‌ژێر ده‌ستی چه‌كدارانی ئه‌و گروپه‌دایه"‌.

یاسین عیزه‌دین به‌دووریشی زانی له‌مكاته‌دا هێزه‌ سه‌ربازییه‌كانی عێراق بتوانن هیچ گۆڕانكارییه‌ك له‌دۆخی ئه‌منی ناوچه‌كه‌ بكه‌ن به‌تایبه‌ت كه‌ قه‌یرانی سیاسی و خۆپیشاندانه‌كانی باشوری عێراق به‌شێوه‌یه‌كی راسته‌وخۆ كاریگه‌ری له‌سه‌ر كه‌ركوك و ته‌واوی وڵات دروستكردووە.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure