ئیداره‌ى هه‌ڵه‌بجه‌ پشتیوانى له‌ دانانى پێوه‌رى ئاوى ماڵان ده‌كات

هەواڵ / کوردستان :: 18/07/2018‌ :: 598‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عەلی حەمەسەعید
ئیداره‌ى هه‌ڵه‌بجه‌ رایده‌گه‌یه‌نێت، بۆ رێگرى له‌ به‌هه‌ده‌ردانى ئاو پشتیوانى له‌ دانانى پێوه‌ر ده‌كه‌ن و به‌ڕێوه‌به‌رى ئاوى شاره‌كه‌ش ده‌ڵێت، پڕۆژه‌ى دانانى پێوه‌ر ده‌كه‌وێته‌ بوارى جێبه‌جێكردن و ورده‌كارییه‌كه‌ى ئاشكراده‌كات.


کاوە عەلی، جێگری پارێزگاری هەڵەبجە ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 18ى ته‌مموزى 2018 له‌ كۆنگره‌یه‌كى رۆژنامه‌نوسیدا رایگه‌یاند، بە بەراورد بە پارێزگاکانی دیکەی هەرێم، هەڵەبجه لە بەرهەمهێنانی ئاوی خواردنەوە لە پلەی یەکەمدایە، بەڵام بەداخەوە بەهەدەردانی ئاو رێژەیەکی زۆر بەرزی هەیە ئەمەش بۆ نەبونی پێوەری ئاو دەگەڕێتەوە.

وتیشى، تائێستا نادادپەروەرییەکی زۆر لە وەرگرتنی پارەی ئاودا هەبووە، چونکە ئەو ماڵەی هەزاران لیتر سەرفدەکات هەمان بڕی ئەو پارەیه‌ى لێوەردەگیرێت بە بەراورد بەو ماڵەی بڕێکی زۆر کەمتری بەکارهێناوە، بۆیە وەک ئیدارەی پارێزگا پشتیوانی تەواو لە دانانی پێوەری ئاو دەکەین لە سنورەکەدا.

هەر لەو کۆنگرە رۆژنامەوانییەدا ئەلەند تۆفیق، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ئاوی هەڵەبجە رایگەیاند، پڕۆژەکە دەکەوێتە بواری جێبەجێکردن و هاوڵاتیان بەپێی بەکارهێنانی ئاو کرێیان لێوەردەگیرێت و، کۆمپانیای بەستنی پێوەری ئاو سەرجەم ماڵەکان دەگەڕێت بۆ ئەوەی هەر ماڵێک پێوەری نیە دیاریبکات و بۆی دابنرێت.

ئەوەشیخستەڕوو، پاش سەردانیکردنی کۆمپانیا پێویستە لەماوەی مانگێکدا ماڵەکان پێوەری ئاو دابنێن، بەپێچەوانەوە لە نەبونی پێوەرەکەدا بڕی ۱۰۰ هەزار دینار وەک کرێی ئاو بۆی دەنوسرێت تا سێ مانگ، گەر بەردەوام بێت لە نەبەستنی ئەوا دەبێتە ۲۰۰ هەزار دینار.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure