بۆچی شازادەکانی بریتانیا ئامادەی سەردانەکەی ترەمپ نەبوون؟

هەواڵ / جیهان :: 18/07/2018‌ :: 961‌ جار بینراوە

تاگ :: جیهان

دواڕۆژ، محه‌مه‌د نه‌جمه‌دین 
رۆژنامه‌ی ئیندپێندنتی بریتانی بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، هه‌ریه‌كه‌ له‌ شازاده‌ ولیام و شازاده‌ چارلز ره‌تیانكردووه‌ته‌وه‌ چاویان به‌ تره‌مپ بكه‌وێت له‌و سه‌ردانه‌ی ئه‌م دواییانه‌یدا بۆ له‌نده‌ن. 


ڕۆژنامه‌كه‌ رونیكردووه‌ته‌وه‌، به‌شێوه‌یه‌كی چاوه‌ڕواننه‌كراو، شاژنه‌ ئیلیزابێس به‌ ته‌نها به‌جێهێڵراوه‌ له‌كاتی سه‌ردانه‌كه‌ی تره‌مپ، هه‌رچه‌نده‌ چارلز و ویلیام له‌ پله‌ی یه‌كه‌م و دووه‌می وه‌رگرتنی ده‌سه‌ڵات دێن. 

له‌ كاتی سه‌ردانه‌كه‌ی تره‌مپ كه‌ ماوه‌ی چوار ڕۆژی خایه‌ند، چارلز كه‌ وه‌ك شازاده‌ی وێڵز كارده‌كات، خۆی به‌ كۆبوونه‌وه‌ له‌ ناوچه‌ی هایگروف و چه‌ند بۆنه‌یه‌كی دیكه‌وه‌ له‌گه‌ڵ پۆلیسی گلوسیسته‌ر شایر سه‌رقاڵكردووه‌. 

شازاده‌ی ویلیامیش خه‌ریكی ئه‌نجامدانی یاری پۆڵۆ بووه‌ (یاری تۆپی بچووك، به‌سه‌ر ئه‌سپه‌وه‌). 

به‌پێی ڕۆژنامه‌كه‌ هۆكاری ئاماده‌نه‌بوونی ویلیام و چارلز بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ پێیان وابووه‌ سه‌ردانه‌كه‌ی تره‌مپ ره‌سمی نییه‌، بۆیه‌ شایه‌نی ئاماده‌بوون نییه‌. 

ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ پێشوتریش له‌ كاتی سه‌ردانه‌ ناڕه‌سمییه‌كه‌ی ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌رۆك كۆماری توركیا بۆ كۆشكی به‌كینهام له‌ له‌نده‌ن، چارلز و ویلیام به‌ بیانوی ناڕه‌سمی بوونی سه‌ردانه‌كه‌ ئاماده‌ی كۆبوونه‌وه‌ نه‌بوون لەگەڵیدا.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure