كۆمسیۆن ناوی كاندیده‌كان ئاڕاسته‌ی ده‌سته‌ی ده‌سپاكی و وه‌زاره‌تی ناوخۆ ده‌كات

هەواڵ / کوردستان :: 18/07/2018‌ :: 395‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، كۆچه‌ر عه‌لی 
بڕیارده‌ری كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنى هه‌رێم رایده‌گه‌یه‌نێت، پێویسته‌ لایه‌نه‌كان تا 25ی ئه‌م مانگه‌ سه‌رجه‌م ناوی كاندیده‌كانیان ئاڕاسته‌ی كۆمسیۆن بكه‌ن و ده‌شڵێت "دوای وردبینیكردن به‌ نوسراوێك ناوی كاندیده‌كان ئاڕاسته‌ی وه‌زاره‌تی ناوخۆ و ده‌سته‌ی ده‌سپاكی و دادگاكان ده‌كرێت".


ئیسماعیل خورماڵی، بڕیارده‌ری ئه‌نجومه‌نی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردن و راپرسی هه‌رێم ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 18ى ته‌مموزى 2018 به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند، ده‌بێت سه‌رجه‌م ئه‌و لایه‌نانه‌ی لیسته‌كانیان په‌سه‌ندكراوه‌ بۆ به‌شداریكردن له‌ هه‌ڵبژاردنی خولی پێنجه‌می په‌رله‌مانی كوردستان تا 25ی ته‌مموز ناوی كاندیده‌كانیان ته‌سلیم به‌ كۆمسیۆن بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی وردبینی له‌ ناوه‌كاندا بكرێت. 

وتیشی "له‌به‌رئه‌وه‌ی ماوه‌یه‌كی باش دراوه‌ته‌ حزب و قه‌واره‌كان، بۆیه‌ پێناچێت كاتی ته‌سلیمكردنی ناوی كاندیده‌كان درێژبكرێته‌وه‌، چونكه‌ له‌ دوای گه‌یشتنی ناوه‌كان وردبینی له‌ كۆمسیۆنه‌وه‌ ده‌ستپێده‌كات و دواتر به‌ نوسراوێك ئاڕاسته‌ی وه‌زاره‌تی ناوخۆ و دادگاكانی هه‌رێم و ده‌سته‌ی ده‌سپاكی ده‌كرێت".

بڕیاره‌ له‌ 30ى ئه‌یلولى داهاتوو هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان ئه‌نجامبدرێت و بۆ ئه‌مه‌ش كۆمسیۆن رێوشوێنه‌كانى ئاماده‌كارى ئه‌نجامده‌دات.

بڕیارده‌ره‌كه‌ى كۆمسیۆن ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو، دوای ئه‌وه‌ی ناوه‌كان ئاڕاسته‌ی ئه‌و داموده‌زگایانه‌ ده‌كرێت پێویسته‌ له‌ماوه‌ی 15 رۆژدا جارێكی تر ئاڕاسته‌ی كۆمسیۆن بكرێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی په‌سه‌ندبكرێن و ژماره‌ بۆ كاندیده‌كان دیاریبكرێت ئه‌وكاته‌ نزیك ده‌بینه‌وه‌ له‌ بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن.  



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure