یه‌ده‌گى دراوى بیانى عێراق به‌رزترین ئاستى تۆماركرد

هەواڵ / ئابوری :: 17/07/2018‌ :: 1826‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، نوسینگه‌ى هه‌ولێر
به‌هۆى به‌رزبوونه‌وه‌ى نرخى نه‌وت یه‌ده‌گى دراوى بیانى، له‌بانكى ناوه‌ندى عێراق له‌ماوه‌ى دوو ساڵى رابردوودا به‌رزترین ئاستى تۆماركرد له‌ 49 ملیاره‌وه‌ گه‌یشتۆته‌ 55 ملیار و 700 ملیۆن دۆلار.


به‌پێى راگه‌یاندراوێكى بانكى ناوه‌ندى عێراق، له‌گه‌ڵ به‌رزبوونه‌وه‌ى نرخى نه‌وت بانكى ناوه‌ندى توانیویه‌تى پارێزگارى له‌ به‌رزكردنه‌وه‌ى یه‌ده‌گى دراوى قورس بكات به‌پێى پێوه‌ره‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، به‌تایبه‌تى پێوه‌رى بنه‌ڕه‌تى یه‌ده‌گى بیانى كه‌ یه‌كسان بێت به‌ دراوى دینار.

ئاشكراشیكردوه‌، یه‌ده‌گى دراوى بیانى له‌ئێستادا به‌رزبۆته‌وه‌ بۆ 55 ملیار دۆلار و 700 ملیۆن دۆلار، ئه‌وه‌ش به‌ به‌رزترین ئاست داده‌نرێت له‌ ساڵى 2016 به‌دواوه‌.

بانكى ناوه‌ندى راشیگه‌یاندوه‌، یه‌ده‌گى دراوى بیانی له‌ دینارى عێراقى زیاتره‌، ئه‌وه‌ش پێوه‌رى په‌سه‌ندكراوه‌ بۆ هه‌بوونى دراوى بیانى، هه‌ربۆیه‌ش یه‌ده‌گى دراوى بیانى عێراق له‌ ئاستێكى باش و دڵنیاكه‌ره‌وه‌ و له‌ ئاستى پێوه‌ره‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كانه‌.

ئه‌حمه‌دى حاجى ڕه‌شید، بڕیارده‌رى لیژنه‌ى دارایى له‌ په‌رله‌مانى عێراق به‌ دواڕۆژى ڕاگه‌یاند، جگه‌ له‌ یه‌ده‌گى دراوى بیانى حكومه‌تى عێراق زیاتر له‌ 89 تەن زێرى یه‌ده‌گى هه‌یه‌، به‌مه‌ش له‌ڕووى یه‌ده‌گه‌وه‌ عێراق به‌ سێیه‌مین ده‌وڵه‌تى عه‌ره‌بى داده‌نرێت له‌ دواى سعودیه‌ و لیبیا.

وتیشى، به‌پێى زانیارییه‌كانم وه‌كو لێپرسراوى دۆسیه‌ى قه‌رزه‌كانى عێراق له‌ په‌رله‌مانى عێراق بڕى قه‌رزه‌كانى عێراق گه‌یشتۆته‌ 132 تریلۆن دینارو بانكى نێوده‌وڵه‌وتیش به‌ حكومه‌تى عێراقیان راگه‌یاندووه‌ نابێ چیتر حكومه‌ت له‌وه‌ زیادتر قه‌رزبكات.

ئاشكراشیكرد، به‌شێكى قه‌رزه‌كانى سه‌ر عێراق ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ به‌ر له‌ ساڵى 2003، ئه‌و شوێنانه‌ى به‌غداش قه‌رزى لێكردوون هى یانه‌ى پاریس و وڵاتانى كه‌نداو و بانكى نێوده‌وڵه‌تى و قه‌رزى ناوخۆیى و نێوده‌وڵه‌تین، تاوه‌كو ئێستاش ته‌نها وڵاتى ئیمارات له‌ 7 ملیار دۆلار خۆشبووه‌.

لاى خۆیه‌وه‌ نه‌جیبه‌ نه‌جیب، ئه‌ندامى پێشووترى لیژنه‌ى دارایى له‌ په‌رله‌مانى عێراق بۆ دواڕۆژ، ئاماژه‌به‌وه‌ده‌كات، حكومه‌ت عێراق قه‌رزارى چه‌ندین وڵاتى دیكه‌یه‌، به‌ڵام له‌ رێككه‌وتننامه‌یه‌ك له‌ پاریس وڵاتانى خاوه‌ن قه‌رز له‌ 80%ى قه‌رزه‌كانیان خۆش بوون به‌و مه‌رجه‌ى بتوانێت باقى قه‌رزه‌كانیان هه‌تا ساڵى 2020 بداته‌وه‌، به‌ڵام عێراق ناتوانێت له‌و ماوه‌یه‌دا قه‌رزه‌كان بداته‌وه‌ و ئه‌گه‌ریش هه‌یه‌ وڵاتانى خاوه‌ن قه‌رز له‌ به‌خشینه‌كانیان په‌شیمان ببنه‌وه‌.

ئه‌و ئه‌ندامه‌ى په‌رله‌مان، ئاشكراشیكرد، عێراق له‌ماوه‌ى 10 ساڵى رابردوودا توانیویه‌تى به‌شێكى زۆرى قه‌رزه‌كانى كوه‌یت بداته‌وه‌، كه‌ 53 ملیار دۆلار بوو، واته‌ ساڵانه‌ نزیكه‌ى 5 ملیار دۆلارى داوه‌ته‌وه‌.

وتیشى، ساڵانى رابردوو كورتهێنانى بودجه‌ به‌ بڕى 25 تریلیۆن دینارى عێراقى ده‌خه‌ملێندرا، ئێستا بۆته‌ 13 تریلۆن دینار، بۆ پڕكردنه‌وه‌ى كورتهێنانى بودجه‌ش حه‌قى ناوچه‌ سوننه‌نشینه‌كان به‌ ته‌واوى نادات و بودجه‌ى هه‌رێمى كوردستان به‌ ته‌واوى نانێرێت.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure