وێنە.. نەخۆشێكی تری تالاسیمیا گیانی لەدەستدا

هەواڵ / کوردستان :: 16/07/2018‌ :: 896‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، كۆچەر عەلی 
نەخۆشێكی تری تالاسیمیا بەناوی (جەلیل خەلیل) تەمەن 12 ساڵ گیانی لەدەستدا و بەرپرسی راگەیاندنی كۆمەڵەی تالاسیمیاش هۆشداری دەدات لەوەی "ماوەی دوو مانگە دەرمانی پێویست بۆ نەخۆشەكانیان نەماوە". 


سروە عەلی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی كۆمەڵەی تالاسیمیای هەولێر بە دواڕۆژی راگەیاند "بەهۆی دروستبوونی فشاری خوێن لەسەر دڵی، نەخۆشێكی تری تالاسیمیا لە هەولێر كۆچی دواییكرد". 

بەڕێوەبەری راگەیاندنی كۆمەڵەی تالاسیمیای هەولێر وتیشی "ئەو نەخۆشانەی كە تووشی تالاسیمیا بوون تاكە هۆكار كە گیان لەدەستدەدەن نەبوونی دەرمان و دەرزی تایبەت بە نەخۆشییەكەیە، كە ماوەی دوو مانگە بەشە دەرمانی تالاسیمیا لەهەولێر نەماوەو ئەوەی دابینیشدەكرێت بەشی هەموو نەخۆشەكان ناكات بەتایبەت دەرزی (Desferal) كە پێویستە مانگانە 100 دەرزی لەوجۆرە لە نەخۆشانی تالاسیمیا بدرێت".

سروە عەلی ئاماژەی بەوەشكرد، رۆژانە پێویستە 3 بۆ 4 دەرزی لە جۆری ( Desferal) لە نەخۆشانی تالاسیمیا بدرێت كە لەڕێگەی ئامێرێكی پزیشكی ئەڵمانیەوە بەناوی  (haemonetics)دەرزییەكان لە نەخۆشەكان دەدرێت، بەڵام ماوەی چەند مانگێكە ئەو ئامێرەش لەكار كەوتووەو بودجەی پێویستیش نییە بۆ چاكکردنەوە یان كڕینی ئەو ئامێرە. 


هەر چەندە تاوەكو ئێستا ئاماری شەش مانگی یەكەمی 2018ی گیان لەدەستدانی نەخۆشانی تالاسیمیا لە هەولێر بڵاونەكراوەتەوە، بەڵام لەساڵی رابردوو 18 تووشبووی نەخۆشی تالاسیمیا لەو پارێزگایە گیانیان لەدەستدا.   



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە