چه‌كیان به‌ رژێمى به‌عس فرۆشتووه‌
دادگایكردنى چه‌ند كۆمپانیایه‌كى بیانی له‌ دادگاى هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ڕێوه‌ده‌چێت

هەواڵ / کوردستان :: 16/07/2018‌ :: 580‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عه‌لى حه‌مه‌ سه‌عید
ڕۆژى 23ى ته‌موز، له‌ دادگاى هه‌ڵه‌بجه‌ یه‌كه‌م دانیشتنى دادگایكردنى ئه‌و كۆمپانیایانه‌ به‌ڕێوه‌ده‌چێت كه‌ چه‌كى كیمیاییان به‌ حكومه‌تى پێشوى عێراق "بەعس"فرۆشتووه‌.

لوقمان عه‌بدولقادر، سه‌رۆكى كۆمه‌ڵه‌ى قوربانیانى كیمیابارانى هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ دواڕۆژى ڕاگه‌یاند "دواى تۆماركردنى سكاڵا له‌لایه‌ن كه‌سوكارى شه‌هیدانى هه‌ڵه‌بجه‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌و كۆمپانیایانه‌ى كه‌ چه‌كى كیمیایان به‌ ڕژێمى به‌عس فرۆشتووه‌، دواجار دادگاى هه‌ڵه‌بجه‌ بڕیاریدا كه‌ ڕۆژى 23ى ته‌موزى 2018، یه‌كه‌م دانیشتنى دادگایكردنى ئه‌و كۆمپانیایانه‌ ئه‌نجام بدرێت، دواتر بڕیاره‌كانى دادگاكه‌ ده‌درێنه‌ ده‌سته‌یه‌كى پارێزه‌رى نێوده‌وڵه‌تى بۆ ئه‌وه‌ى له‌ دادگاكانى ده‌ره‌وه‌ش هه‌مان سكاڵا تۆمار بكه‌ن".

وتیشى "له‌ ئێستادا له‌ ڕێگه‌ى ده‌سته‌یه‌ك له‌ پارێزه‌رانى نێوده‌وڵه‌تیه‌وه‌ له‌ یه‌كێك له‌ دادگاكانى فره‌نسا سكاڵامان تۆماركردووه‌ و ڕێڕه‌وى یاسایى خۆى وه‌رگرتووه‌، هاوكات له‌ كۆى زیاتر له‌ 400 كۆمپانیا و كه‌سایه‌تى كه‌ چه‌كى كیمیایان به‌ڕژێمى به‌عس فرۆشتووه‌، به‌ڵگه‌ى پێویست له‌سه‌ر 24 كۆمپانیا كۆكراوه‌ته‌وه‌، ده‌توانرێت له‌ دادگاكان وه‌ك به‌ڵگه‌یه‌كى ڕوون له‌دژى ئه‌و كۆمپانیایانه‌ بخرێنه‌ ڕوو".

سه‌رۆكى كۆمه‌ڵه‌ى قوربانیانى چه‌كى كیمیایى هه‌ڵه‌بجه‌ ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو، تۆماركردنى سكاڵا له‌دادگاكانى ده‌ره‌وه‌ كارێكى هه‌روا ئاسان نییه‌، چونكه‌ ئه‌گه‌ر به‌ڵگه‌ى پێویستمان نه‌بێت و دۆسیه‌كه‌ بدۆڕێنین ئه‌وا ده‌بیت ئێمه‌ قه‌ره‌بووى ئه‌و كۆمپانیایانه‌ بكه‌ینه‌وه‌، به‌ڵام به‌ڵگه‌ى پێویستمان هه‌یه‌ له‌سه‌ر 24 كۆمپانیا كه‌ بتوانین فشاریان بخه‌ینه‌ سه‌ر بۆ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ى كه‌سوكارى شه‌هیدان و به‌نێوده‌وڵه‌تیكردنى دۆسیه‌ى فرۆشتنى چه‌ك به‌ڕژێمى به‌عسى له‌ ناوچوو.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure