وردەکاریی نوی لەبارەی دزینی بەڵگەنامەی بەرنامە ئەتۆمیەکەی ئێرانەوە

هەواڵ / جیهان :: 17/07/2018‌ :: 560‌ جار بینراوە

تاگ :: جیهان

دواڕۆژ
رۆژنامەیەکی ئەمریکی وردەکاریی زیاتر لەبارەی ئەو بەڵگەنامانەوە ئاشکرادەکات کە مۆسادی  ئیسرائیلی توانیوێتی لە ئێرانەوە بیدزێت و تایبەتن بە بەرنامە ئەتۆمیەکەی ئێران.


لەو بارەیەوە رۆژنامەی (نیویۆرک پۆست) لە راپۆرتێکیدا وردەکاریی نوێی ئاشکرا کردووە لەبارەی دزینی فایلی تایبەت بە بەرنامە ئەتۆمیەکەی ئێران لەلایەن مۆسادی ئیسرائیلیەوە لە ٣١ی کانونی دووەمی ٢٠١٨ دا.

وردەکارییەکە نیشانی دەدات، تاران زانیاری یەکلاکەرەوەی لە سەرچاوەی بیانیەوە چنگکەوتووە بۆ دروستکردنی چەک و لە لێواری دروستکردنی ئەو تەکنیکەدا بووە کاتێک ١٥ ساڵ لەمەوبەر بەرنامەکەی راگرت.

بەڵگەنامەکان دەریدەخەن هەوڵە نهێنیەکانی ئێران بۆ بنیادنانی چەکی ئەتۆمی توێژینەوەی چڕی لەبواری یۆرانیۆم و تاقیکردنەوەی پیشکەوتووی ئەومادانەی بۆ بەرهەمهێنانی نیترۆنات لەخۆگرتووە.

راپۆرتەکە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، لەکاتێکدا بەرپرسانی ئێرانی زۆرێک لە کارەکانیان لە ٢٠٠٣ەوە راگرتووە، بەڵام بەڵگەنامەکان دەریدەخەن زانا گەورەکانی ئێران پلانی چڕ دادەڕێژن لەسەر پڕۆژەی نهێنی لەچوارچێوەی توێژینەوە سەربازییەکاندا.

بەڵگەنامە دزەپێکراوەکان هیچ شتێک لەبارەی چالاکیە ئەتۆمییەکانی ئەمدواییانەوە ئاشکرا ناکات و هیچ بەڵگەیەکیش نیە کە ئێران رێککەوتننامە ئەتۆمیەکەی ساڵی ٢٠١٥ی پێشێلکردبێت.

بەم دواییانە بنیامین ناتانیاهو، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ئەو بەڵگانەی بەکارهێناوە بۆ هێرشکردنە سەر ئێران، بەڵام ئێران ئەو بەڵگانە رەتدەکاتەوە  بەساختە لەقەڵەمیان دەدات.

وەرگێڕانی: کامەران ئەحمەد  



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure