ئەمڕۆ پارتى و یه‌كێتى له‌ باره‌ى دوو پرس كۆده‌بنه‌وه

هەواڵ / کوردستان :: 16/07/2018‌ :: 242‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، نوسینگه‌ى هه‌ولێر
وابڕیاره‌ ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 16ى ته‌مموز، هه‌ریه‌ك له‌ مه‌كته‌بى سیاسى پارتى و یه‌كێتى له‌ هه‌ولێر، له‌باره‌ى به‌رنامه‌ى هاوبەشی دانوستاندن لەگەڵ لایەنە عێراقییەكان و پرسى هه‌ڵبژاردنه‌كانى هه‌رێم كۆببنه‌وه‌.


به‌پێى زانیارییه‌كانى دواڕۆژ کە له‌ سه‌رچاوه‌یه‌كى ئاگادار له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌وە ده‌ستیكه‌وتوون، كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌مڕۆی هه‌ردوو مه‌كته‌بى سیاسى پارتى و یه‌كێتى تایبه‌ت ده‌بێت به‌ پرسى  ڕه‌شنووسى به‌رنامه‌ى هاوبەشی دانوستاندن لەگەڵ لایەنە عێراقییەكان، كه‌ پێكدێت لە زیاتر له‌ 16 خاڵى تایبه‌ت به‌ ماف و شایسته‌كانى كورد له‌ حكومه‌تى داهاتووى به‌غدا و ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان. ئەمە سەرەڕای، پرسى هه‌ڵبژاردنه‌كانى په‌رله‌مانى كوردستان كه‌ ئه‌مڕۆ یه‌كێتى جارێكى دیكه‌ داوا له‌ پارتى دیموكراتى كوردستان ده‌كات، بۆئه‌وه‌ى ماوه‌ى چه‌ند مانگێك هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان دوابخرێت و له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژاردنه‌كانى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاكان به‌ڕێوه‌بچێت.

پێشتریش عارف ته‌یفور، ئه‌ندامى مه‌كته‌بى سیاسى  پارتى له‌باره‌ى به‌رنامه‌ى كارى هاوبه‌شى پارتى و یه‌كێتى  به‌ دواڕۆژى ڕاگه‌یاندبوو "هه‌وڵده‌ده‌ن به‌رنامه‌ى هاوبه‌شه‌كه‌یان بۆ گفتووگۆكردن له‌گه‌ڵ لایەنە كوردییەكان بخه‌نه‌ڕوو بۆئه‌وه‌ى یەكڕیز و یەكدەنگ بن له‌ به‌غدا، ئه‌گه‌ر له‌ حاڵه‌تێكدا چوار لایه‌نه‌كه‌ى دیكه‌ش ئاماده‌ییان هه‌بێت، ئه‌گه‌ر نا پارتى و یه‌كێتى وه‌كو دوو هێزى براوه‌ى هه‌رێم له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كان به‌غدا ده‌كه‌ونه‌ گفتوگۆكردن".



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure