جۆرە دەرمانێک لە کوردستان قەدەغە دەکرێت

هەواڵ / کوردستانی :: 15/07/2018‌ :: 3213‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، هانا چۆمانی
وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی هه‌رێم، لەسەر فەرمانی بەغدا سەرجەم ئەو دەرمانانەی کە مادەی (NMDA) تێدایە هاوردەکردن و بازرگانیکردن و بەکارهێنانیان قەدەغە دەکات، وتەبێژی وەزارەتەکەش دەڵێت "هاوڵاتیان لەبەکارهێنانی سەرجەم ئەو دەرمانانە ئاگادار دەکەینەوە".


حکومەتی عێراق بەفەرمی لە نوسراوێکی رایگەیاندووە، دەرمانی دژە فشاری خوێن "ڤالسارتان" کە لەژێر ناوی دایۆڤان و دایۆستار و سەرجەم ئەوانەی دیکە مادەی NMDA لەبازاڕەکاندا دەفرۆشرێت، دەیان وڵات لە جیهاندا قەدەغەیان کردووە و بەهۆکاری سەرەکی شیرپەنجە ناودەبرێت.

لەوبارەیەوە، دکتۆر خاڵس قادر، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی عێراق بە دواڕۆژی وت "له‌ به‌غداوه‌ نوسراومان بۆ هاتووه‌، کە ئەو دەرمانە قەدەغە بکرێت، ئێستاش سه‌رقاڵی لێكۆڵینه‌وه‌ین و هه‌ر كۆمپانیایه‌كی ده‌رمانی كوردستان یان له‌ده‌ره‌وه‌ی كوردستان له‌پێكهاته‌كه‌یدا ئه‌و مه‌وادانه‌ی به‌كارهێنابێت قه‌ده‌غه‌ی ده‌كه‌ین، بەدڵنیاییەوە له‌چه‌ند رۆژی داهاتوودا بڕیاری كۆتایی له‌سه‌ر قه‌ده‌غه‌كردنی ئه‌و ده‌رمانانه‌ ده‌ده‌ین و هاوڵاتیانیشی لێ ئاگادار ده‌كه‌ینه‌وه‌".

لەبارەی هاوردەکردن و مامەڵەکردن بەو دەرمانەوە، دکتۆر گۆران ڕۆژبەیانی بەڕێوەبەری کۆنترۆڵی جۆری دەرمان لەهەرێمی کوردستان بە دواڕۆژی راگەیاند "بەفەرمی ئاگادار کراوینەتەوە و هاوردەکردنی دەرمانی (ڤالسارتان-valsartan) ڕادەگرین".

وتیشی "دەستیشکراوە بە کۆکردنەوەی ئەو دەرمانە لەبازاڕەکاندا و بەفەرمیش قەدەغە دەکرێت، هەماهەنگیش لەگەڵ کۆمپانیاکانی دەرمان دەکەین، رێگە لە فرۆشتن و بەکارهێنان و هاوردەکردنی دەگرین".



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure