یه‌كێك له‌گرنگترین شوێنه‌ گه‌شتیارییه‌كانی سەیدسادق پشتگوێخراوه‌

هەواڵ / ئابوری :: 18/07/2018‌ :: 513‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عه‌لى حه‌مه‌سه‌عید
سه‌رچاوه‌ى ئاوى حه‌سار كه‌ به‌ یه‌كێك له‌ شوێنه‌ سه‌رنجڕاكێش و گه‌شتیارییه‌كانى قه‌زاى سه‌یدسادق ئه‌ژمار ده‌كرێت و سیمایه‌كى جوانى به‌ قه‌زاكه‌ به‌خشیوه‌، به‌ڵام گه‌نجانى شارۆچكه‌كه‌ نیگه‌رانن له‌وه‌ى كه‌ حكومه‌ت پلانى نه‌بووه‌ په‌ره‌ به‌م شوێنه‌ گه‌شتیارییه‌ بدات و بیكاته‌ سه‌رچاوه‌یه‌كى داهات، قایمقامیش هۆكاره‌كه‌ى بۆ دواڕۆژ ئاشكراده‌كات.


محه‌مه‌د یاسین، یه‌كێك له‌ گه‌نجانى قه‌زاى سه‌یدسادق به‌دواڕۆژى ڕاگه‌یاند "به‌هۆى هه‌ڵكه‌وته‌ى شوێنى جوگرافى سه‌رچاوه‌ى ئاوى حه‌ساره‌وه‌ كه‌ ده‌كه‌وێته‌ ده‌روازەى سه‌ره‌كى قه‌زاكه‌ و نزیكه‌ له‌ شه‌قامى سه‌ره‌كى هه‌ڵه‌بجه‌ – سه‌یدسادق، ده‌كرا زۆر پرۆژه‌ى تیادا ئه‌نجامبدرێت، كه‌پرى گه‌شتیارى تیادا دروستبكرێت و گه‌شتیارى بۆ بهێنرایه‌، به‌ڵام ته‌نیا دیواربه‌ندییه‌كى بۆ كراوه‌ و هیچ ئاوڕى لێنه‌دراوه‌ته‌وه‌، له‌ كاتێكدا ئیداره‌ى ئه‌م شارۆچكه‌یه‌ ده‌یتوانى بیكاته‌ سه‌رچاوه‌یه‌كى به‌ده‌ستخستنى داهات".

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، لایه‌نى ئیدارى هێنده‌ كه‌مته‌رخه‌من، زۆرجار هاووڵاتیانى ئه‌م ناوچه‌یه‌ وه‌ك ئه‌ركێكى سه‌رشانیان ده‌چنه‌ ناو ئاوه‌كه‌ و پاشماوه‌كانى تیادا فڕێده‌ده‌نه‌ ده‌ره‌وه‌، بۆیه‌ ئێستا ئه‌م سه‌رچاوه‌ى ئاوى حه‌ساره‌ بووه‌ته‌ جێگایه‌ك بۆ كۆكردنه‌وه‌ى گه‌نجان له‌ شه‌وان و ڕۆژدا و هه‌روه‌ها به‌شێكى زۆرى گه‌نجانیش وه‌ك مه‌له‌وانگه‌یه‌ك سودى لێوه‌رده‌گرن، بۆیه‌ داوا له‌ لایه‌نى په‌یوه‌ندیدار ده‌كه‌ین چیتر كه‌مته‌رخه‌مى نه‌نوێنێت له‌ ئاست ئه‌م شوێنه‌ گه‌شیارییه‌.

 دیارى ڕه‌فیق، قایمقامى قه‌زاى سه‌یدسادق به‌ دواڕۆژى ڕاگه‌یاند "پێش ئه‌وه‌ى قه‌یرانى دارایى سه‌رهه‌ڵبدات به‌ بڕى زیاد له‌ 200 ملیۆن دینار توانیمان دیواربه‌ندێك بۆ سه‌رچاوه‌ى ئاوى حه‌سار بكه‌ین و سه‌رچاوه‌ى ئاوه‌كه‌ش ڕێكبخه‌ینه‌وه‌ كه‌ ئه‌مه‌ش تا ڕاده‌یه‌كى زۆر گۆڕانكارى له‌و شوێنه‌ گه‌شتیارییه‌ هێنایه‌ كایه‌وه‌، هاوكات به‌رنامه‌شمان دانا بوو كه‌ زیاتر گرنگى به‌و شوێنه‌ بده‌ین، به‌ڵام قه‌یرانى دارایى ڕێگر بوو له‌ جێبه‌جێكردنى پلانه‌كانمان.

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، له‌ ساڵى ڕابردوودا داوامان له‌سه‌رمایه‌داران كرد كه‌ هاوكارمان بن بۆ ئه‌وه‌ى سودى زیاتر له‌و سه‌رچاوه‌ ئاوییه‌ وه‌ربگرین له‌ ڕووى گه‌شتوگوزاره‌وه‌، دواتر سه‌رمایه‌دارێك ئاماده‌یى ده‌ربڕى كه‌ وه‌به‌رهێنانى تیادا ئه‌نجامبدات به‌ مه‌رجێك زه‌وییه‌كه‌ى ده‌وروبه‌رى سه‌رچاوه‌ ئاوییه‌كه‌ تاپۆ بكه‌ین به‌ناوى ئه‌وه‌وه‌، به‌ڵام ئێمه‌ ڕازى نه‌بووین به‌وجۆره‌، بۆیه‌ ئێستاش هه‌روه‌ك خۆى ماوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام له‌گه‌ڵ دابینكردنى بودجه‌، یه‌كه‌م كار ئه‌نجامى بده‌ین، په‌ره‌پێدانى سه‌رچاوه‌ى ئاوى حه‌ساره‌.

سه‌رچاوه‌ى ئاوى حه‌سار كه‌ ده‌كه‌وێته‌ باكوورى شارۆچكه‌ى سه‌یدسادق له‌ شێوه‌ى كانییه‌كى سروشتیدا ئاوه‌كه‌ى هه‌ڵده‌قوڵێت، سیمایه‌كى جوانى به‌ سه‌یدسادق به‌خشیوه‌، به‌ڵام به‌هۆى خزمه‌تنه‌كردنه‌وه‌ به‌شێكى زۆرى ئه‌م سه‌رچاوه‌ ئاوییه‌ خۆڵ و خاشاكى تیادا كۆبووه‌ته‌وه‌ و گه‌نجانیش بۆ كات به‌سه‌ربردن ڕوو له‌م سه‌رچاوه‌ ئاوییه‌ ده‌كه‌ن.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە