لەبارەی قاسملۆ-وە....گەڕان بەدوای گۆڕغەریب-دا

هەواڵ / چاوی تۆ :: 14/07/2018‌ :: 291‌ جار بینراوە

سالار مەحمود

لە گۆڕستانی ناوەندی پاریس. لەناو هەزاران کێل و پەیکەری ناو قەبرساندا، پاش سۆراخێکی زۆر چووینە سەر گۆڕی سەرکردە و دیپلۆماتکاری کورد و کوردستان دكتۆر قاسملۆ. وێنە ناسراوەکەی، کە لەسەر کێلی سەرووی قەبرەکەیەوە نەخشێنراوە، هەر لە دوورەوە خورپەی گەیاندە دڵ و سەرنجی رادەکێشا. پیاوێکی کەڵەگەتی خاکیپۆشی پشتوێن توندی جامانە لەسەر، هەردوو دەستی ئاڵاندووە بەسنگیدا و بزەیەکی کردووە. لە کێلی خوارووی گۆڕەکەدا بە کوردی نووسراوە (کە من مردم، کورد نامرێ).

دوای تێڕامانێکی زۆر و بێدەنگیەکی قووڵ لەسەر گۆڕەکەی، بە دەوروبەردا چاوێکم گێڕا و کەوتمە بیرکردنەوەوە: کورد چ قەدەرێکی هەیە لە مێژوودا؟! دوای نزیکەی سی ساڵ لە تیرۆرکردنی هێشتا نە نەتەوە و نیشتمانەکەی ئازادە، نە تاوانبارانی تیرۆرکردنی سزای خۆیان وەرگرت. نە ئەو زامە ساڕێژ بووە، غەدری شەهیدکردنەکەشی لەناوخۆدا نەبووە مایەی یەکڕیزیی و پارێزگارییکردنی زیاتر لە پەیام و کردە دیپلۆماسیەکانی ئەو ڕێبەرە.

پاش چوار رۆژ لە چوونە سەر گۆڕەکەی، چاوم بە یەکێک لە هاوڕێکانی قاسملۆ کەوت لە برۆکسل، لە چەند وێستگەیەکی گرنگی خەباتی شاخ و زۆرتریش لە دەرەوە پێکەوە بوونە. ئەو پێی وابوو (قاسملۆ رێبەرێکی دیپلۆماتکاری دەگمەنی کورد بووە، چەندین زمانی بیانیی زانیوە و بڕواهێنەرێکی کاریگەر بووە لە گفتوگۆ سیاسیەکانیدا. تۆڕێکی گرنگ پەیوەندیی لە ئەوروپا دروستکردبوو. کەمتر بایەخی بە ئۆرگان و کاری رێکخستنی حزب دەدا، خاوەن کەسایەتیەکی زۆر سادە و خاکیی بووە ئەوەش هێزی پێ دەبەخشی).

بەگشتی بۆ ناسینی، کتێبی کورد و کوردستان و گوتارە بەردەستەکانی بەشێکی گرنگ لە توانا و رەوتی ژیانی ئەو دەردەخەن. بە بۆچوونی خۆیشم مام جەلال و قاسملۆ لە دوو گرنگترین سەرکردەی دیپلۆماتکاری کوردن کە زۆر شارەزاییان لە کاری دیپلۆماسیدا هەبووە و جێدەستیان لەم مەیدانی خەباتەدا دیارە. کاری پێکەوەییان کردووە.

لەکاتی تیرۆرکردنی قاسملۆ-دا، مام جەلال لەناو خاکی ئێران-ەوە، ئیدانەی تیرۆرکردنەکەی کرد و بەرپرسیارێتی خستە ئەستۆی دەوڵەتی ئێران، هەڵوێستی مام جەلال بۆ ئەو دەمە گرنگ و کاریگەریش بوو. 
ئێستا لەم جۆرە هەڵوێستە نیشتمانییانە دەگمەن بوون! یان هەر نەماون!.

قاسملۆ لە ڤیەنا تیرۆرکرا و لە پاریس نێژرا، بەدوای ئەودا شەرەفکەندی لە بەرلین تیرۆرکرا. پایتەختەکانی ئەوروپای بەناو مافی مرۆڤ پڕن لە چیرۆکی تاوان، سەرزەمین پڕە لە تاوان دەرهەق بە کورد و کورد خۆیشی پڕە لە غەدر لەخۆکردن!

پرسیاری گرنگ ئەوەیە ئاخۆ کەی قاسملۆ دەگەڕێنرێتەوە زێدی خۆی؟ بە چ چەشنێ؟ حەتمیەتی مێژووە بە دڵنییاییەوە هەر دێتەوە.

د. قاسملۆ هەر گۆڕ غەریبە گەرچی لەناو دڵی پاریس-یش نێژرابێت.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure