دواڕۆژ هۆكارى نه‌كردنه‌وه‌ى نه‌خۆشخانه‌یه‌كى هه‌ڵه‌بجه‌ ئاشكراده‌كات

هەواڵ / کوردستانی :: 13/07/2018‌ :: 301‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عه‌لى حه‌مه‌ سه‌عید
ماوه‌ى 10 ساڵه‌ دروستكردنى نه‌خۆشخانه‌ى چاره‌سه‌ركردنى به‌ركه‌وتوانى چه‌كى كیمیایى كه‌وتوه‌ته‌ بوارى جێبه‌جیكردنه‌وه‌، به‌ڵام تائێستا بەڕووى به‌ركه‌وتوانى چه‌كى كیمیایى هه‌ڵه‌بجه‌دا نه‌كراوه‌ته‌وه‌، قایمقامی شارەکەش دەڵێت "دواکەوتنی کردنەوەی نەخۆشخانەکە پەیوەندی بەکێشەی دامەزراندنی ژمارەیەک کارمەندەوە هەیە".


سمكۆ سالار، قایمقامى ناوه‌ندى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ وه‌كاله‌ت به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند "له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى هه‌موو به‌شه‌كانى بیناكه‌ و دابینكردنى زۆربه‌ى ئامێره‌كانى ناو نه‌خۆشخانه‌كه‌ ته‌واوبووه‌ و فه‌رمانى دامه‌زراندنى 284 كه‌سیش بۆ نه‌خۆشخانه‌كه‌ ده‌رچووه‌، به‌ڵام به‌هۆى دروست بوونى گرفت له‌ 22 ناو، نه‌توانراوه‌ فه‌رمانى ده‌ستبه‌كاربوون بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌ربكرێت".

وتیشی "ئیمه‌ لاى خۆمانه‌وه‌ پێشنیارمان بۆ وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى كردووه‌ كه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ى گرفتیان نییه‌ له‌ ناوه‌كانیاندا فه‌رمانى ده‌ستبه‌كاربوونیان بۆ ده‌ربكرێت و ئه‌وانه‌شى كه‌ گرفتیان هه‌یه‌ لیژنه‌یه‌ك پێكبهێنرێت بۆ ئه‌وه‌ى دۆسیه‌كانیان یه‌كلابكاته‌وه‌ چیتر له‌وه‌ زیاتر كردنه‌وه‌ى نه‌خۆشخانه‌كه‌ دوانه‌كه‌وێت".

لاى خۆیشه‌وه‌ جه‌وهه‌ر عه‌زیز، به‌رپرسی به‌شی پڕۆژه‌كان له‌ ڕێكخراوی هه‌ڵوێست، كه‌ چاودێرى پرۆسه‌ى دامه‌زراندنى 284 كه‌سیان كردووه‌ بۆ نه‌خۆشخانه‌ى به‌ركه‌وتوانى چه‌كى كیمیایى، بۆ دواڕۆژ ئه‌وه‌ى خسته‌ڕوو "پاش وه‌رگرتنی ڕه‌زامه‌ندی، چاودێریكردنمان بۆ پڕۆسه‌كه‌ ده‌ستیپێكرد و ئاگاداری ده‌رچونی ناوی 262 كه‌س بوین، چونكه‌ به‌گوێره‌ی‌ خاڵبه‌ندی بوو، داوای به‌ڵگه‌نامه‌كانیان لێده‌كرا، سه‌رجه‌میشیان خاوه‌ن بڕوانامه‌ بوون".

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد "22 كه‌س له‌بێ بڕوانامه‌كان دیاریكراون كه‌ ئێمه‌ ئاگاداری ئه‌و دیاریكردنه‌ نین و بڕیاربووه‌ به‌تیروپشك دیاریبكرێن، به‌ڵام بۆ ئێمه‌ ڕوون نییه‌ كه‌ به‌و شێوه‌یه‌ بووه‌ یان نا، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر هۆكار ئه‌و 22 كه‌سه‌بێت كه‌ دانراون، ده‌كرێ نه‌خۆشخانه‌كه‌ بكرێته‌وه‌ له‌پێناو چاره‌سه‌ری برینداران، دواتر كێشه‌ی ئه‌وان یه‌كلابكرێته‌وه‌".



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure