پاكستان: له‌ئه‌نجامی ته‌قینه‌وه‌یه‌ك 60 كه‌س بوونه‌ قوربانی

هەواڵ / جیهان :: 13/07/2018‌ :: 762‌ جار بینراوە

تاگ :: جیهان

دواڕۆژ، محه‌مه‌د نه‌جمه‌دین 
له‌ ئه‌نجامی ته‌قینه‌وه‌یه‌ك له‌ گردبوونه‌وه‌یه‌كی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن لە هەرێمێکی پاكستان، 20 كه‌س كوژران و 40 كه‌سی تریش بریندار بوون. 

ئه‌مڕۆ هه‌ینی 13ی ته‌موز، له‌ ئه‌نجامی ته‌قینه‌وه‌یه‌ك له‌ گردبوونه‌وه‌یه‌كی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن 20 كه‌س كوژران و 40 كه‌سیش برینداربوون، كه‌ زۆربه‌یان برینه‌كانیان سه‌خته‌.

ئاغا عومه‌ر بونگه‌لزای، وه‌زیری ناوخۆی هەرێمی قوێته‌ به‌ ئاژانسی فرانس پرێسی وتووه‌ "20 كه‌س به‌هۆی ته‌قینه‌وه‌كه‌وه‌ گیانیان له‌ده‌ستداوه‌ و له‌وه‌ش ده‌ترسین ئه‌و ڕێژه‌یه‌ به‌رزببێته‌وه‌". 

وتوشیەتی " 40 كه‌سی دیكه‌ برینداربوون له‌و ته‌قینه‌وه‌یه‌دا كه‌ له‌ شارۆچكه‌ی مه‌ستونگ له‌ نزیك پایته‌ختی هه‌رێمی قوێته‌ رویداوه‌". 

ئاغا عومه‌ر بونگه‌لزای ئه‌وه‌شی پتڕاستكردووه‌ته‌وه‌، ته‌قینه‌وه‌كه‌ بووته‌ هۆی كوژرانی سیراج ڕه‌یسنی كه‌ پاڵێوراوی پارتی بلوجستان ئاوامی بووه‌ بۆ هه‌ڵبژاردنی ئاینده‌ و بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی سازكردووه‌. 

پۆلیسی وڵاته‌كه‌ دڵنیانه‌بوون له‌باره‌ی سروشتی ته‌قینه‌وه‌كه‌، به‌ڵام هه‌ندێك له‌ میدیاكانی پاكستان له‌ زاری چه‌ند شایه‌تحاڵێكه‌وه‌ بڵاویانكردووته‌وه‌ كه‌ ته‌قینه‌وه‌كه‌ خۆكوژی بووه‌.

بڕیاره‌ له‌ 25ی ته‌موزی ئه‌مساڵ هه‌ڵبژاردنی پاكستان به‌ڕێوه‌بچێت. 
 



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure