تره‌مپ ئه‌و نامه‌یەی كیم جۆنگ ئونی بڵاوكرده‌وه‌ كه‌ بۆی ناردبوو

هەواڵ / جیهان :: 13/07/2018‌ :: 230‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، محه‌مه‌د نه‌جمه‌دین 
سه‌رۆكی ئه‌مریكا دەقی ئه‌و نامه‌یه‌ی بڵاوكرده‌وه‌ كه‌ له‌لایه‌ن سه‌رۆكی كۆریای باكوره‌وه‌ به‌ده‌ستی گه‌یشتووه‌ و ده‌ڵێت "نامه‌یه‌كی زۆر باش له‌ سه‌رۆكی كۆریای باكووره‌وه‌، به‌ره‌وپێشچوونی زۆرباش به‌نجامگه‌یه‌نراوه‌". 

دوێنێ پێنجشه‌ممه‌ 12ی ته‌موز، دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مریكا له‌ هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له‌ تویته‌ر، ئه‌و نامه‌یه‌ی بڵاوكرده‌وه‌ كه‌ دوای كۆبوونه‌وه‌ی لوتكه‌ی مانگی حوزه‌یران له‌ سه‌نگاپوره‌، له‌ كیم جۆنگ ئون سه‌رۆكی كۆریای باكوره‌وه‌ به‌ده‌ستیگه‌یشتووه‌. 

له‌ نامه‌كه‌دا كیم ده‌ڵێت  "به‌ڕێز سه‌رۆك، ئه‌و كۆبوونه‌وه‌ گرنگه‌ی 24 رۆژ له‌مه‌وبه‌ر له‌ سه‌نگاپورە له‌گه‌ڵ ئێوه‌ ئه‌نجامماندا و ئه‌و به‌یاننامه‌ هاوبه‌شه‌ی واژوومانكرد، به‌ڕاستی ده‌ستپێكی گه‌شتێكی گرنگه‌".

ده‌شڵێت "ده‌مه‌وێت خۆشحاڵیی خۆم له‌باره‌ی ئه‌و وزه‌ و هه‌وڵه‌ نائاساییه‌ی ئێوه‌ بۆ به‌ره‌وپێشبردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ردوو وڵات و جێبه‌جێكردنی به‌یاننامه‌كه‌ نیشانتانداوه‌، ده‌رببڕم".

 سه‌رۆكی كۆریای باكور ده‌ڵێت "به‌ڕێز سه‌رۆك، زۆر باوه‌ڕم به‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌و هه‌وڵه‌ راستگۆیانه‌ی من و ئێوه‌ و ئه‌و تێڕوانینه‌ بێوێنه‌ی نیشانماندا، به‌م نزیكانه‌ له‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی كۆریای باكوور و ئه‌مریكادا به‌رهه‌می خۆی ده‌بێت".

ئه‌مه‌ له‌كاتێكدا پاش چه‌ندین ساڵ له‌ ناكۆكی له‌ نێوانیاندا، بۆ یه‌كه‌مجار تره‌مپ و كیم له‌ 12ی حوزه‌یرانی ئه‌مساڵ له‌ سه‌نگاپورە كۆبوونه‌وه‌.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure